زاری كرمانجی- سۆران:
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: ئەمساڵ ڕێككاری توند بۆ ڕێگری لە گزیكردن لە تاقیكردنەوەكان گیراوەتەبەر. هەروەها بایەخ بە ڕێژەی دەرچوون لە قوتابخانەكان دەدەین. گوتیشی: بۆ ساڵی خوێندنی 2026 ڕەنگ و دیزاینی جلی قوتابییان دەگۆڕین.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، گوتی: ئەمساڵ 115 هەزار و 728 قوتابی مافی باشداریان لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـیەمی ئامادەیی هەیە، كە دابەشكراون بەسەر دوو هەزار و 17 هۆڵی تاقیكردنەوە.
لەبارەی دزەپێكردنی پرسیارەكان، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی دا، هیچ پرسیارێك پێش دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان تا ئێستا ڕێگە نەدراوە دزەی پێ بكرێت، هیچ كاتێكیش حاڵەتی لەو شێوەیە ڕوو نادات، هەروەها ئەمساڵ ڕێككاری توند بۆ ڕێگری لە گزیكردن لە تاقیكردنەوەكان گیراوەتەبەر.
لەبارەی ڕانەگەیاندنی ناوی یەكەم، دووەم و سێیەمەكانی پۆلی 12، ئالان حەمەسەعید، دەڵێت: لە ماوەی ڕابردوو هەستمان بەوە كرد بابەتی ڕاگەیاندنی ناوی قوتابییان و ئاستەكانیان، سەرەنجی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و قوتابخانەكانی لەسەر پرۆسەیەكی جەوهەری لابردووە. جەختی لەوەش كردەوە، بایەخ بە ڕێژەی دەرچوون لە قوتابخانەكان دەدەن.
ئالان حەمەسەعید، لەبارەی وەرگرتنەوەی نمرەی قوتابییان، گوتی: دوای تاقیكردنەوەكان، بە ڕێگەی دیجیتاڵی نمرەكان بە قوتابییەكان دەدرێنەوە.
وەزیری پەوەردە، دایك، باوك و قوتابییان ئاگادار دەكاتەوە و دەڵێت: لە مانگی 9ـی ساڵی 2026، نەك مانگی 9ـی ساڵی 2025، ڕەنگ و دیزاینی جلوبەرگی هەموو ناوەندەكانی خوێندن، لە پاخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی ئامادەیی دەگۆڕدرێن.
هاوكات لەبارەی هەژماركردنی نمرەی پۆلەكانی 10 و 11 بۆ پۆلی 12، ئالان حەمەسەعید، ئاشكرای كرد، هەژماركردنی نمرەی پۆلەكانی 10 و 11 بۆ پۆلی 12 ئارەزوومەندانەیە، واتە ئەگەر لە بەرژەوەندیی قوتابییەكە بوو بۆی هەژمار دەكرێت، ئەگەر لە بەرژەوەندیی نەبوو بۆی هەژمار ناكرێت.
ئالان حەمەسەعید، باسی لە مامۆستایانی وانەبێژ كرد و ڕوونی كردەوە، سەرۆك وەزیران هەموو مامۆستایانی وانەبێژی كردە گرێبەست. گوتیشی: دۆخی دارایی ڕێگە بدات وانەبێژی نوێ دادەمەزرێنین.