دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا بەدووری نەزانی وڵاتەكەی بێتە نێو شەڕەوە و هێرش بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، راشیگەیاند هەفتەی داهاتوو بۆ ئێران یەكلاكەرەوە دەبێت و شتگەلی گەورە روو دەدەن.
ترەمپ گوتی: پێویست بوو ئێران لە ماوەی 60 رۆژی دانوستاندنەكان رێككەوتن بكات، هەرچەندە ئێستا كاتەكە زۆر دواكەوتووە، بەڵام هێشتا هیوایەك بۆ رێككەوتن ماوە.
راشیگەیاند: ئێسرائیل كۆنتڕۆلی تەواوی ئاسمانی ئێرانی كردووە، ئێران سیستەمی بەرگری نەماوە و ناشزانم هەتا كەی دەتوانن بەرگە بگرن.
ترەمپ گوتیشی: ئێرانییەكان داوایان كردووە بێنە كۆشكی سپی، پێشنیاری ئێمەش بۆ ئەوان تەنیا خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج بووە.
سەرۆكی ئەمەریكا نەشی شاردەوە كە هەفتەی داهاتوو بۆ ئێران یەكلاكەرەوە دەبێت و رەنگە شتی گەورە روو بدەن.

































































