گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە دۆخی ئێستادا بەهیچ شێوەیەک نابێت میدیا هەواڵی ناڕاست و چەواشە ڕووماڵ بکات، بەڵکوو پێویستە بەرپرسانە مامەڵە بکات.
چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نەناردنی مووچە پێشلکاری دەستوورە، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەین دەربارەی پرسی مووچە و هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن دادگا بڕیارێک بدات لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێت و گەشبینین بە ناردنی.
پێشەوا هەورامانی گوتی: بڕیاری وەزارەتی دارایی لەبارەی نەناردنی مووچە، سەدا سەد نایاسایی بوو، پێشووتریش دادگاکە ڕایگەیاندبوو “نابێت بەهیچ شێوەیەک و بەهەر پاساوێک بێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێردرێت.”
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: تەوەرێکی دیکە نێو کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، بابەتی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو، لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوە دووپات کرایەوە، ڕێگەنادرێت هیچ پێشلکارییەکی ئەمنی لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە دژی دراوسێکانی بکرێت.
پێشەوا هەورامانی، باسی لەوە کرد، پێویستە لەم دۆخەدا میدیا بەرپرسانە مامەڵە بکات، بەتایبەتی لە گواستنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڵکوو پێویستە تەنیا وەک هەواڵ مامەڵە بکەن.
گوتەبیژی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، بە نووسراوی فەرمی داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە، بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان، بەڵام لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕەت کرایەوە. ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی و سەرۆک وەزیران لەنێو کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو بابەتەیان کرد و بریاردرا، بە دامەزراندنیان لەسەر داهاتی ناوخۆ، چونکە پێویستیی و بۆشایی زۆر دروست بووە لە نێو کەرتە تەندروستییەکاندا، هەربۆیە داوا کرا ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دامەزراندنیان.