مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێكی تەلەڤزیۆنیدا بۆ گەلی ئێران، وێڕای ستایشی هەڵسوكەوتی خۆپاراستن و بوێرانەی نەتەوەی ئێران لەبەرامبەر دەستدرێژیی و دوژمنایەتی ئیسرائیل و ڕایدەگەیێنێت “نەتەوەی ئێران لە بەرامبەر شەڕێكی سەپێنراودا بە توندی وەستاوە، هەروەك چۆن لە بەرامبەر ئاشتییەكی سەپێنراودا دەوەستێت،”
دەشڵێت “ئەم نەتەوەیە خۆبەدەستەوەدان هیچ كات قبووڵ ناكات.”
ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامەكەیدا هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل دەكات و دەڵێ “قەوارەی زایۆنی هەڵەیەكی گەورەی كرد، بەهۆی پێشێلكردنی ئاسمانی ئێرانەوە، دەبێت دڵنیا بێت لەوەی لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا ڕووبەڕووی سزایەكی حەتمی دەبێتەوە،”
خامنەیی لە گوتارەكەیدا بەڵێنیشی دا كە “خوێنی شەهیدەكانیان لە بیر ناكەن.” و لە وەڵامی هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ یش ڕایگەیاند “كەسانی زیرەك كە ئێران و نەتەوەی ئێران و مێژووەكەی دەناسن، هەرگیز بە زمانی هەڕەشەئامێز قسەیان لەگەڵ نەدەكرد، چونكە نەتەوەی ئێران تەسلیم ناكرێت و پێویستە ئەمریكییەكان بزانن كە هەر دەستتێوەردانێكی سەربازیی ئەوان بێگومان زیانی قەرەبوونەكراوی لەگەڵدا دەبێت.”
گوتیشی “زمانی هەڕەشە لای گەلی ئێران قبووڵكراو نییە و ئەم گەلە خاوەن شارستانیەتە بە هەموو هێزێكەوە لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان و ئەم شەڕە سەپێنراوە ڕادەوەستێت.”