زاری کرمانجی :
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەکانی ئەمریکا، ئێران بە نیازی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکای هەیە و ئامادەکاری کردووە .
هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکە سەربازییەکانی سەرانسەری ناوچەکە لە حاڵەتی ئامادەباشی دانراون. ئەمەریکا زیاتر لە 40 هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوە پێکردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوو بەرپرسی ئێرانی دانیان بەوەدا ناوە کە ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەتا لە بنکەکانی عێراقەوە دەست پێدەکات، ئەگەر ئەمەریکا بەشداری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکات.
ترسی شەڕێکی فراوانتر لەنێو بەرپرسانی ئەمەریکادا پەرەی سەندووە، ئەمەش بەهۆی ئەو فشارەی ئیسرائیلەوەیە کە بەردەوام دەیخاتە سەر کۆشکی سپی بۆ دەستوەردان لە ململانێکانی لەگەڵ ئێراندا.
ئاماژەبەوەکراوە، ئەگەر ئەمەریکا پەیوەندیی بە هێرشی ئیسرائیلەوە بکات و هێرش بکاتە سەر فۆردو کە دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئەتۆمی ئێرانە، ئەوا میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ئێران بە دەست بە بۆمبارانکردنی کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنەوە. دووپات لەوەکراوەتەوە، پێدەچێت میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەوێ بدەن.