دوای زیاتر لە هەفتەیەک وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی لەبارەی گیان لەدەستدانی گەنجێک دەدات، کە وا بڵاوکرایەوە بە ژیری دەستکرد گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە سۆشیاڵ میدیا لەماوەی ڕابردوو گوایە هاووڵاتیەك بەهۆی بەكارهێنانی ژیری دەستكرد كۆچی دوایكردووە، وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوونی تەواوی بۆ بابەتەكە كرد و زانیاری تەواو لە كەسە نزیكەكانی كۆچكردوو و نەخۆشخانە وەرگرت.
لە ڕاگەیانراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی تەندروستی گەیشتە ئەو ڕاستیەی ئەم هەواڵە ڕاست نیە چەندین ڕاگەیاندن و پەیجی سۆشیاڵ میدیا بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی فەرمی هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: دوو قسە هەیە بۆ بەرژەوەندی گشتیی دەخەینەڕوو.
یەکەم: پێویستە هاوڵاتیان هیچ دەرمانێك یان پێداویستی پزیشکی بەبێ ڕاوێژی پزیشكی چارەسەر و شوێنی فەرمی نەبێت بەكاری نەهێنن و گوێ لە هیچ ڕیکلامێکی ئۆنڵاین و سۆشیاڵمیدیا نەگرن کە بەبێ مۆڵەت و دەرمانی نایاسایی نابێت بفڕۆشرێتە هاوڵاتیان وە لەڕووی پزیشکیەوە ئامڕازی زیرەکی دەستکرد بەبێ پشکنینی پزیشکی و بینین و ڕاوێژی پزیشکی چارەسەر هەڵەی پزیشکی لێ دەکەوێتەوە.
دووەم: ڕاگەیاندنەکان و پەیجەکانی سۆشیاڵمیدیا پێویستە لەگەڵ لایەنی فەرمی بەدواداچوون بکەن پێش بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە.