یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی رایگەیاندووە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ مەهدی تاریمی هێرشبەری یانەکە نەماوە، نازانێت چۆن پەیوەندی پێوە بکات.
مەهدی تاریمی، هێرشبەری یانە ئیتاڵییەکە، لە دوای کۆتایی هاتنی رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ، گەڕاوەتەوە ئێران بۆ بەسەربردنی پشوو لەگەڵ ماڵباتەکەی، بەرلەوەی جارێکی دیکە پەیوەندی بەیانەکەوە بکات، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ یانەکە نەماوە.
تاریمی بڕیاریدابوو لە ئێرانەوە راستەوخۆ گەشتی ئەمریکا بکات، بۆ دەستپێکردنەوەی مەشقەکان لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە، لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، بەڵام هەڵایسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، فڕۆکەخانەکانی ئێران و ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکەی داخست و بەهۆیەوە ئەو یاریزانە لە مۆندیالەکە بێبەشبوو.
ئینتەرمیلان بەر لە چەند رۆژێک رووی لە ئەمریکا کرد و ئامادەسازییەکانی بۆ یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالەکە بەرامبەر مۆنتێریی مەکسیکی دەستپێکردووە. بەڵام تاریمی لەگەڵدا نییە.
میدیای ئیتاڵیا، لەزاری بەرپرسانی یانەی ئینتەرمیلانیان گواستووەتەوە، “هەست بەدڵەڕاوکەی زۆر دەکەن، لەبارەی چارەنووسی تاریمییەوە کە تاوەکو ئێستا لە تارانی پایتەختی ئێرانە و لە وڵاتەکەیدا جەنگ بەرپا بووە”.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی ئینتەرمیلان لە چەند کاژێری رابردوودا هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ تاریمی پچڕاوە و هیچ دەنگوباسێکی ئەو یاریزانەیان لەلا نییە و نازانن لە کوێیە.
تارانی پایتەختی ئێران لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە بەهۆی هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، بەردەوام دووبارە بووەتەوە.
تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی ئاسمانی ناوچەکە بەڕووی گەشتی فڕۆکەی نەفەرهەڵگردا دەکرێتەوە و ئینتەرمیلانیش روونی نەکردووەتەوە، ئایا تاریمی بەیەکجاری لە بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان بێبەش بووە، یان دەکرێ دواتر بگاتە لای شاندی یانەکە لە ئەمریکا.