بەڕێوەبەری گشتی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی “پڕۆژەی ڕۆناکی بەشێوەیەکی زۆر باش و بە پلان دانراو کارەکانی بەڕێوە دەچن، ئێستا لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، لە سۆرانیش دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، لە ھەر شارێکی دیکە ئامادەکاری کرابێت دەست بە جێبەجێ کردنی دەکرێت.”
فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “پڕۆژەی ڕۆناکی لە ھەرێمی کوردستان بەپێی پلانی دیاریکراو بەردەوامە، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی خەڵک بەپێی پێویست کارەبا بەکار بێنێت و زیادەڕۆیی نەکات، بۆ نموونە ئێمە پێشتر لە ھەولێر پڕۆژەیەکمان ھەبوو ١٤ مێگەواتی پێویست بوو، ئێستا بۆ شەش مێگەوات کەمبووەتەوە، ئێستا بەو پڕۆژەیە ڕێژەی بەکارھێنان زۆر کەمی کردوو. دەتواندرێت کۆنتڕۆڵی کارەبا بکرێت، ئێستا ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ٤ھەزار و ٢٠٠مێگەوات کارەبامان ھەیە.”
فارس میرخان گوتیشی “ئێستا لە ھەولێر تا ١٢٠ مەتری ھەمووی تەواوبووە و بەشێکی سلێمانی و دھۆکیش تەواو بووە، بۆیە تا ئێستا ملیۆنێک و ١٠٠ھەزار ھاووڵاتی لێی سودمەند بوونە، نزیکەی ٢٨٣ھەزار ھاوبەشیش کارەبای ٢٤ کاتژمێری ھەیە، ئێستا بەجدی کاری تێدا دەکرێت، تا کۆتایی مانگی حەوت تا ١٥٠ مەتریش تەواو دەبێت، لە ھەولێر و ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی سلێمانی و دھۆکیش تەواو دەبن و لە سۆرانیش دەست پێدەکات، دواتریش بەپێی ئەو ئامادەکارییەی کراوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە سەرەتا لە سەنتەری شارەکان و تا کۆتایی ساڵی داھاتوو لە ھەموو ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، چونکە پێویستی بە کات و کار ھەیە، بۆیە ئێستا لەسلێمانی پڕۆژەکە خێراتر لە دھۆکیش بەڕێوە دەچێت، بۆیە لە ھەر شوێنێک ئامادەکاری کرابێت دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت، لەبەر ئەوەی خشتەی بۆ دانراوە.”
بەھۆی پڕۆژەی ڕۆناکی لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٠٠ھەزار ھاووڵاتی کارەبای ٢٤کاتژمێریان بۆ دابینکراوە، لە ٦٠ھەزار موڵکی بازرگانی و ٩٥ گەڕەک، ھەزار و ٢٦٠ موەلیدە کوژاونەتەوە، جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش بەردەوامە.”