نووری بێخاڵی
بوونێکی هەتاهەتاییت،
وەلێ ون
لە ناشوێندا بەدوای خۆتدا دەگەڕێیت و
نازانیت هونەری دۆزینەوە،
کردنەوەی تەلیسمی شوێن و
نهێنیی شوێنناسییە
ڕێگا ناتباتە هیچ جێیەک
کیسەڵێکی خاو وخلیسک
وەک ڕێبوارێکی سەرگەردان،
خەونی سەدەیەکی خستبووە سەر پشتی و
بە ڕێگادا دەچووە هیچ شوێنێک
وای پێت گوت
ڕێگا بیانووە و هیچی تر
دەنا لە ڕێگاکاندا،
نە توولە و باریک
نە پانوپۆڕ
نە چەپەک و لاتەریک
نە گشتی و ئاوەدان
نە ڕاست و تەخت
نە پێچەلپێچ و تەنگ
هیچ نادۆزرێتەوە
لە بۆشاییدا
کە نە دەستت بە بنمیچی ئاسمانەوە گیر بووە و
نە پێیەکانت لە زەویدا چەقیون
بە ڕۆژ بەدوای تراویلکە و
بە شەویش،
بە شوێن دەنگی تاریکیدا ڕا دەکەیت و
ناگەیتە هیچ کوێیەک
دەبوو لە نهێنیی گزنگ و زەردەپەڕ
لە ڕازی خەرمانەکردنی مانگ
لە مەتەڵی ڕاخوشینی ئەستێرە و
لە جادووی کاکێشان، تێ بگەیت
کە:
لەناشوێن نا،
لەناو شوێندا بگەڕێیت
لە شوێنیشدا،
لە پەنا و پەسێو
لە داڵان و ڕاڕەوی پەنهان
لە سوچی شاراوە و گۆشەی نادیاردا،
بگەڕێ
دەبوو ئاماژەکانی ئاوێنەکە جوانتر بخوێنیتەوە
قووڵتر گوێ لە ئامۆژگاریی ئاوەکە بگریت
ڕێنماییەکانی با باشتر ئەزبەر بکەیت و
لە ئاوازی گۆرانییەکە وردتر ببیتەوە
کە لە هەموویاندا هاتبوو:
لە ڕێگاکان نا،
لە قووڵایی پرسیار و لە قوللەی گوماندا
لەناو شوێن و کات و ناکاتدا،
بگەڕێ
ئەگەر جارێک، تەنیا یەک جار
دۆستایەتیی گومان و
هاوڕێیەتیی پرسیارت بکردبا
ئەگەر جارێک، تەنیا جارێک
دەستت ببردایەتە ناو جانتای ڕاڕایی و
سەری پریاسکەی دڕدۆنگیت بکردایەتەوە
لە ناشوێندا کاتت بەفیڕۆ نەدەچوو و
بۆ خۆفریودان، لەبەر خۆتەوە نەتدەگوت:
تێدەپەڕێت، ئەمەش تێدەپەڕێت!
سەیرە،
ئێستاش بەم هەموو دڵشکان و
بەم هەموو ماندووێتییە و
پێیە قڵیشاوە و شەقار شەقارەت
هێشتا بڕستی ڕێبڕینت هەیە
تا دوا وێستگە
تا دوا قۆناغ
سەیرە،
بەم هەموو ڕۆژگارەی ڕەشبینی و
بەم هەموو ساڵەی بێهوودەییەوە
هێشتا بە سواری پاسی شەکەتی تەمەنەوە
ڕێگا پێچەڵپێچ و هەڵدێرەکانی ژیان دەبڕیت و
بۆ پشوودانێک،
بۆ هەڵمژینی هەناسەیەکیش،
هەر دانەبەزیت
ئێستا دوای ڕۆچوون و
کەوتنە چاڵی ونبوونەوە
کە دەرفەتی ئاوڕدانەوەش نەماوە
چاوەکانت داخە و
گوێی دڵت بۆ ئاوازی با
بۆ گۆرانیی ئاو ڕادێرە
هەنووکەش دوای نقوومبوون و
کەوتنە تەڵەی تاریکییەوە
سنگت بدە بەر شەپۆلی با
سەرت بە قەرەباڵغیی و
بە داهاتووی نادیار بسپێرە
تازە،
بیرکردنەوە لە گەڕانەوە بۆ سەرەتا
بۆ یەکەم چاوەترووکەی تاسە و
یەکەم ترپەی تامەزرۆیی و
یەکەم ئاویلکەی ئارەزوو و
یەکەم خەونی فڕین،
شێتییە
ئێستا،
کە خەریکە یادەوەریت کوێر دەبێت و
یادگەت ژەنگ لێی دەدات
کە خەمێک
خۆشیێک
خەونێک
گریانێک و
پێکەنینێکت بیر ناکەوێتەوە
وەک ئەوەی نەبووبیت،
خۆت ڕادەستی چارەنووس بکە
ئیدی مەگەر پەڕجوویەک،
دەنا تۆی وەک گەڵای پاییز، وشک
وەک گوینیی کوێستان، تەنیا
وەک چەوی ڕووبار، هەناسەسوار
وەک ئەستێرەی ئاسمان، پەرت
پەرت و پەرتەوازە
هەناسەسوار و هەترەشچوو
تەنیا و تەریک
وشک و وەریو
هیچ شتێک ناتهێنێتەوە ناو بوون و
سفری تێهەڵچوونەوە
وەک نامۆیەک و
وەک ئەوەی نەبووبیت و نەژیابیت،
دەڕۆیت و
کۆچ دەکەیت!