”ڕژێمی بەعس هیچ دەرفەتێکى لەدەست نەئەدا بۆ لەناوبردنى گەلى کورد”
د. فەخرەددین مەهدی جەرجیس
منداڵێک بووم لە تەمەنی ٦ ساڵی، لەو چیمەنەی تەنیشت ماڵمان لە سازمانی، کە دەیڕوانییە سەر کانیاوەکە؛ یاری توپێنمان دەکرد. دایکانی ئێمە لەسەر کانیاوەکە کۆببوونەوە یەکێکیان هاتبوو ئاو ببات بۆ چێشت لێنانى بەربانگ؛ ئەوەی دیکە جلک و بەرگی دەشوشتن و ئەویتریان بۆ پێویستییەکی دیکە لەوێ بوو. لەناکاو دەنگی فڕۆکە هات، سەرمان بەرزکردەوە دوو فڕۆکە بە ئاڕاستەی باکوری خۆرئاوای ئۆردووگاى زێوە بەسەر سەرمانەوە دێن، بینیمان کە بۆمبەکانیان فڕێدان و دایکەکان بە هاوارەوە هەر یەکەو بەرەو مناڵەکەی بە ڕاکردن هات و دەستی گرت و هەڵهاتین بۆ ژوورەوە بۆ ناو هۆڵى هەشت.
ئیتر ئەگەر ڕۆژێک دونیامان بەسەردا وێران بکرێ ئەمڕۆیە، دیمەنەکان گەواهی دڵڕەشی دوژمن و ڕق و کینەی قوڵى ڕەگ داکوتراوەکەی دەدەن، بەرانبەر بە گەلێک کە هیچ گوناهێکیان نەبوو جگە لە کوردبوون، ئاشکرابوو کە ڕژێمی فاشیست هیچ دەرفەتێک لەدەست نادات بۆ لەناوبردنمان و ڕەچاوی ئایین و بۆنە و هیچ پیرۆزییەک ناکات. هەر ئەوەندەمان گوێ لێبوو، دەنگی تەقینەوەی بۆمب و ناپاڵمەکان بەسەر هەموو شتێکدا زال ببوو، ماوەیەک تێپەڕی و بۆردوومانەکە تەواو بوو، هاتینە دەرەوە دونیا تاریکە لە دوکەڵ و تۆز و ئاگری پاشماوەی بۆردوومانەکە. لەو کاتەدا یەکێک لە تەنیشتمانەوە لەو گروپەی خۆمان هاواری دەکرد (فەزیلە) کە خێزانی رەحمەتی (شوکری عەلی ئورەماری) بوو بریندارە، سەیری برینەکەییان دەکرد و یەکێکیان دەیگووت: ”دەستی تەنها بە پارچە گۆشتێکەوە ماوەتەوە و ئێسکی شکاوە”. دواتریش پزیشکەکان دەستیان بڕییەوە.
هەر کەسە و بۆ لای ماڵی خۆى ڕایدەکرد؛ تا بزانێت ئاخۆ خانەوادەکەی زیندوون یان نا، وردە وردە خەڵکی دەگەڕایەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتى کەسوکارەکەى، و هەر یەکێک چیڕۆکێکی تراژیدى لەلابوو، یەکێ دەیگوت؛ لەبەردەم ماڵەکەی لە هۆڵى ٩ مامۆژنە (فەیرۆز) خێزانی مام (حەجی میکائیل دۆسکی) شەهید بووە، لە ماڵی (شەمسەددین ستونی) کە دراوسێیانە مناڵێکی لەگەڵ دوو برازای کە خوشک و بران شەهیدن.
گەڕاینەوە لای ماڵمان لە هۆڵى ٧ی سازمانی؛ بینیمان بە دووری پەنجا مەتر بۆمبێک کەوتووەتە خوارەوە، بە هەموو مەزەندەکان بە چەند مەترێکی کەم بەسەر بانی باڵەخانەکەدا ڕۆیشتووە و لە تەنیشت هۆڵەکەى دراوسێمان بەر زەوی کەوتووە. بەو هۆیەوە کوڕێکی ئامۆزامان کە لە ئێمە بچووکتر بوو بە ناوی ( وەهاب سوار حوسین) شەهید بووە، بەهۆی هەمان بۆمبەوە لە ماڵێکى دیکە کە ئەرگۆشی بوون و برا بوون بە ناوەکانی (ساڵح و نزمی ) دوو کەسیان شەهید بوون، یەکێکیان ناوی (دیندار نزمی) هاوتەمەنمان بوو.
لەناو هاوار و ناڵە و گریاندا، یەکێک هاوارى دەکرد؛ ئەی خوایە ماڵی (رەشید بێشونی گەردی) وجاخیان کوێر بوو، خێزان و دوو کچ یان سێیانیان شەهیدن. ئەو بنەماڵەیە بەدرێژایی شۆڕشی کورد و کوردایەتی شەهید و قوربانیان داوە، لە ماڵی (رەمەزان گەردی) خێزانی شەهیدە و کچێکی بە سەختی بریندارە. لە بەرانبەرمان و لە ماڵی (حاجی بێروخی گەردی) فەرماندەی دیاری شۆڕشی ئەیلول و گوڵان دەنگی گریان دەهات، زانیمان کوڕ و نەوەیەکی شەهیدن و یەکێک گوتی؛ ماڵی (سەید خەسرو گەیلانی) مامۆستا بوو لە عەشیرەتی مهاجر، بۆمب بەریکەوتووە و وێران بووە.
ئیتر لە هەر لایەکەوە داد و فیغان و ناڵە بوو، لەو دەمەدا پێشمەرگەیەکی بە ئەزموون هاواریکرد ئۆردوگا چۆڵبکەن نەبادا فڕۆکەکان بگەڕێنەوە، لەو ساتەدا لەگەڵ دایکم ڕامانکرد بۆ ماڵەوە، کە خوشکێکم لەناو بێشکە بوو دەریبهێنێت، بینیمان دوو خوشکی منیش بریندارن.
هاتینە دەرەوە بۆ گوندی هولستانە بەڕێکەوتین، لەسەر ڕێگەمان وێرانەیەکمان بینی کە ناپاڵمەکان لە نزیک ماڵی (رەشید بێشوونی) دروستیان کردبوو. لە رێگادا گەیشتینە خەڵکی بۆ لای گۆڕستانى مەلا باستەک ڕادەکەن، ئێمەش لەگەڵ ئەوان ڕۆیشتین و بەدەم ڕێگاوە لەناو دار ئەسپیندارەکاندا خەڵکمان دەبینى، کە هەر کەسێک پرسیاری ئازیزێکی دەکرد و بەدوای هەواڵێکی دڵخۆشکەردا دەگەڕا، بەشکو بە سەلامەتی لە بۆردوومانەکەدا دەرچووبێ، لەو دەمەدا دیمەنێکم بینی، کە هەرگیز لە یادگەمدا دەرناچێ، ئەویش دیمەنی (محەممەد عەلی سەعید شیوی مزوری) بوو، کە تەرمی کچێکی لە باوەش بوو، سینگی خەڵتانی خوێن ببوو. لەبەر خوێن ئێستاش هەروا لەو بیرکردنەوەیە دام، کە ئایا ڕەنگی بلوزەکەی بەری پەپولە شەهیدەکە چ ڕەنگێک بوو؟ بەڵام ئەوەی دڵنیام ڕەنگی نەمری و سوری شەهادەت هەموو ڕەنگەکانی دیکەی بێڕەنگ کردبوو.
لە گۆڕستانی مەلا باستەک شەهادەت، نەمری، سەربەرزی و خۆڕاگری دەباری. هەموو خەڵکی هەر وەکو ئەوەی لە دەوری باوک کۆببنەوە، دەورەیان لە جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) دابوو، کە من بەش بە حالی خۆم، یەکەمین جار بوو ڕوخساری شکۆی کوردان و بوڤەگەری گەل و نیشتیمان ببینم.
لەوێ قەبارەی گەورەی کارەساتەکە و ژمارەی شەهید و بریندارەکان بەدیار دەکەوت، لەو شوێنەی کە ئێمە لێی دەژیاین رێژەی دانیشتووانی کەمتر بوو، لە چاو شوێنەکانی دیکە و ئاستی هەڵکەوتەشی نزمتر بوو؛ گەر لەوێ ئەو کارەسات و ژمارە زۆرەی قوربانی و شەهید هەبێت، ئەی لە شوێنەکانی دیکە دەبێ چەند زیاتر بێت. دوای ناشتنی ڕوفاتی شەهیدان هەر کەس بۆ لایەک پەڕاگەندە ببوو، ئەو شەوە ئێمە گەڕاینەوە ماڵەوە، شەوێک بوو هەرگیز ترسناکیەکەی لەبەرچاو ناچێ و کەسمان خەو نەچووە چاومان، بەیانیەکەی لە ئاوارەییدا جارێکی دیکە ئاوارەییەکی دیکە بوو بە بەشمان.
ڕۆژ ٩ى ٦ى ١٩٨٥ بوو، ڕێکەوت بوو لەگەڵ ١٩ی مانگی رەمەزان، دیاری عێراق و رژێمەکەی بۆ ئێمە مەرگ و خوێن بوو. بۆیە هەرگیز نەمانتوانیوە عێراق بە دوژمنی خۆمان و نەتەوەکەمان نەبینین. جەژنمان جەژنی خوێن و فرمێسک بوو، کەس چاوەرێی دڵخۆشی نەبوو، چ جای چاوەرێی مووچە و نوقلانە و جەژنانە بێت لە بەغدا و تەنانەت هیچ کەس. بەڵام لەو ڕۆژەوە و تا دەگات بە ئەمڕۆ، شۆڕشی کورد و دواتریش پێگە و کاریگەرییەکەی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتیش، هەروا بەهێز دەبێت و بەغداد و ڕژێمەکەی و تەنانەت ئەوانەی ئەمڕۆش حوکمڕانن پەراوێز و لاواز و سەرکز دەبن، لەوپەڕی بەهێزییاندا تەنها دەسەڵاتی ڕاگرتن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیان هەیە و دڵنیام دەسەڵاتی بڕینى مووچەشیان نییە و بە ناچاری هەر دەبێ بینێرن.