زاری كرمانجی سۆران
سەرەڕایی مەفرەزەكانی پۆلیسی هاتووچۆ و هێزە ئەمنییەكان، بەشێك لە ماتۆڕسكێلەكان بەتایبەت گەنج و هەرزەكاران بەردەوامن لە بێزاركردنی خەڵكی و سوڕانەوەیان بە شەقام و كۆڵانەكان بە شێوەی ناسایی و بەرزكردنەوەی دەنگی گزۆزی ماتۆڕسكێلەكانیان، ئەمەش جگەلە بێزار كردنی خەڵكی زۆرجار ڕووداوی دڵتەزێنی هاتووچۆی لێدەكەوێتەوە.
هاووڵاتییانی شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران لەڕێگەی زاری كرمانجییەوە داواكارن لە پۆلیسی هاتووچۆ و هێزەئەمنییەكان، هەوڵ و سزاكانیان توندربكەن لەسەر ئەو جۆرە ماتۆڕسكێلانەی لەسەر سەرپێچەكانی هاتووچۆ بەردەوامن و بوونەتە هۆی بێزار كردنی خەڵكی”.
لای خۆیەوە تەها مەهدی، بەرپرسی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری هاتووچۆ، بە زاری كرمانجی گووت: “ئەو گەنج و هەرزەكارانەی لە شەقام و كۆڵانەكان ماتۆڕسكێل لێدەخوڕن و دەبنە هۆی بێزار كردنی خەڵك زۆرجار ڕووداوی مەترسیداریان لێدەكەوێتەوە،بەشێكیشیان دەنگی گزۆزی ماتۆڕسكیلەكانیان بەرزكردووەتەوە و خەڵكی بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەكەن، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چاودێری زیاتر بخاتە سەر ئەو جۆرە ماتۆڕسكیلانە، هەروەك چەندین جار ماتۆڕسكێلەكانیان دەستبەسەر كراون، هەروەها ئەو دوكان و فرۆشگایانەش كە ماتۆڕ و كەلوپەلەكان دەفرۆشن لە ڕێنماییەكانی هاتووچۆ دەرنەچن”.
دەشڵێت: دەست خۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، بڕیاری داوە بە دروستكردنی لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ، بۆ تۆماركردنی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كاری گەیاندن و گواستنەوەی خواردەمەنی و كاروبارەكانی دیكە دەكەن.

































































