بەختیار سەباح -زاری کرمانجی:
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران سەبارەت بە کۆتایی هاتنی پشووی جەژنی قوربان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێدا هاتووە؛ گەشتوگوزاری سۆران کۆتایی هاتنی پشووی ئەمساڵی جەژنی قوربان ڕادەگەیەنێت، کە جموجۆڵێکی گەشتیاریی بێ وێنە و چالاک بوو لە سنووری هەر قەزاکانی (سۆران، ڕواندز، چۆمان، مێرگەسۆر، خەلیفان و سیدەکان).
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمساڵ لە ڕۆژانی پشووی جەژن ژمارەی گەشتیار و سەردانکەران 100 هەزاری تێپەڕاندووە، ئەمەش پێگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەک شوێنێکی سەرەکی گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست دەکاتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، پلانی گەشتیاریی بۆ جەژن بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا، لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەی تایبەت، بۆ پێشوازی و ڕێکخستنی هاتووچۆی سەردانکەران، چاودێری بۆ دڵنیابوون لە نرخی دادپەروەرانە و بێ قۆرخکارانە؛ پشکنین و کۆنترۆڵی کوالیتی خزمەتگوزاری گەشتیاریی.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکە روونیکردووەتەوە، ئەم سەرکەوتنە بە کۆمەڵە دەرئەنجامی هاوکاری و پلانی هاوبەشە، و پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدەین بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی و بەرزکردنەوەی پێگەی سۆران وەک یەکێک لە جوانترین و گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان و عێراق.

































































