“حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی خوێندنی خێراو خولی جۆراوجۆرەوە توانیویەتی ڕێژەی نەخوێندەواری بۆ ئاستێكی دیار كەم بكاتەوە”
زاری كرمانجی-سۆران:
بە مەبەستی نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەشێك لە ئافرەتان داوا دەكەن لەم وەرزەدا كە منداڵەكانیان ناچنە قوتابخانە پەروەردە و ناوەندەكانی پەیوەندیدار خولی فێربوونی خوێندن و نووسین بكەنەوە، كە ئامانج لەو خولانە دەیانەوێت فێری نووسین و خوێندنەوە ببن، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن، نەخوێندەوار وەك كەسێكی نابینا وایە.
هاجەر سمایل، تەمەن 35 ساڵ، بۆ زاری كرمانجی قسە دەكات و دەڵێت: داوا دەكەین لەم وەرزەدا پەروەردەی گشتی ئیدارەی سۆران، لەگەڵ ناوەندەكانی تایبەت بەو بوارە خولی خوێندنەوە و نووسین بكەنەوە، چونكە ئەو خولانە باشن و سوودێكی زۆر لێ دەبینین و فێری نووسین و خوێندنەوە دەبین، بۆیە داوا دەكەین لە وەرزی هاوین كە منداڵەكانی ئێمە لە ماڵن و ناچنە قوتابخانە بۆ ئێمە ئەو جۆرە خولانە بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو كەسێكی خوێندەوار بتوانین لە كاتی پێویست شتەكان بخوێنینەوە و بنووسین.
ئاسیا ساڵح، ئافرەتێكی دیكەیە، بۆ زاری كرمانجی ڕوونیكردەوە، ساڵی ڕابردوو لە خولێك بەشدار بووم، پێش ئەوەی لە خولەكە بەشدار بم، خوێندەواریم سفر بوو، تەنانەت پیتەكانیشم نەدەناسین، بەڵام بەو ماوە كەمەی كە چومە خولەكە كە نزیكەی مانگێك بوو، لەلایەن مامۆستای خولەكە وانەكان بەشێوەیەكی باش دەگوترانەوە، لە ئێستادا دەتوانم بڵێم تەواو فێری نووسین و خوێندنەوە بوومە، ئەمساڵیش ئەگەر خولەكە بكرێتەوە دووبارە دەچمەوە بەر خوێندن بۆ ئەوەی بە باشی فێری نووسین و خوێندنەوە ببم و بتوانم لە كاتی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پیشانی منداڵەكانی خۆم بدەم و لەو ڕووەوە هیچ گرفتێكم نەبێت.
ئامینە خورشید، تەمەن 45 ساڵ، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: نەخوێندەوار وەك نابینا وایە بۆیە پێویستە لە هەر تەمەنێكدا بێت هەوڵی فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بدرێت، چونكە خوێندەواری وەك ڕێبەری وایە بۆ مرۆڤ و كار ئاسانی دەكات بۆ ناسینەوەی شوێنەكان و ئاگای پتری دەبێت لە ڕووداوەكان.
لەبارەی گرنگی كردنەوەی خولەكانی فێركردن و نووسین، مامۆستا سەبریە حەمید، بۆ زاری كرمانجی گوتی: حكوومەتی هەرێم تەكەز لەسەر نەهێشتنی نەخوێندەواری دەكاتەوە، لەمبارەیەشەوە هەوڵی تەواوی خۆی خستۆتەگەڕ و لە ڕابردووشدا لە ڕێگەی خوێندنی خێراو خولی جۆراوجۆرەوە توانراوە ڕێژەی نەخوێندەواری بۆ ئاستێكی دیار كەم بكاتەوە، ئەوەش وا دەكات ئاستی ڕۆشنبیری تاك و خێزان و كۆمەڵگە پێش بكەوێت.