حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە، کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، پێویستە سەرجەم ھاوولاتیانی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا بکەن.
دەقی ڕاگەیاندراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
ھاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەھاناوەچوونی ھاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی کە گەشتەکانیان بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراوە، بۆ ھەموو ئەو ھاونیشتیمانیانەی کە پەیوەندیتان بە ھێڵە گەرمەکانەوە کردووە، یاخود فۆرمی ئۆنلاینی تایبەتتان پڕ کردووەتەوە و ئەوانەش لە ھەرشوێنێکی تری جیھان گیرتان خواردووە، تکایە بفەرموون بە ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا و گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
١. سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا کونسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، ڕاستەوخۆ ڤیزای ترانزێتی سێ ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی وشکانی بۆ ھەرێمی کوردستان.
٢. پێویستە ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێنەوە، لە وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە ھێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ ھەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
٣. ھاونیشتیمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە بە وردی لەبەرچاو بگرن:
• دڵنیا ببەوە لەوەی کە تکێتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کونسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، چونکە مەرجە تکێتەکەت لە ھێڵێکی تورکی بێت تاوەکوو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.
• دڵنیاببەوە لەوەی کە٧٢ کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونکە ڤیزەکە تەنھا بۆ ٧٢ کاتژمێرە.
• پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاریی وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا پێشکەش دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و ھیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
• ئەگەر ھات و پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود ھەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکوو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە.
بۆ زانینتان ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنیا تاوەکوو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.
تکایە لە بوونی ھەر کێشەیەک ھەمان ھێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ، ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکار بھێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووریی ئیبراھیم خەلیل، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمەکانی پێشوازییەوە لە پێشوازیتاندایە و ئاسانکاریی تەواویان کردووە و لە چاوەڕوانیتاندان.
ئەو ھاووڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ھەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکوو ھەر ھاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.