بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی ئاسیایی و ئەمەریکاییەکان و باڵیۆزی ئوسترالیا و تورکیا کە لە عێراقدا کاردەکەن کۆبووەوە.
لە میانی کۆبووەنەوەکەدا سوودانی گوتی: حکوومەتی ئیسرائیل دان بە یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان نانێت و لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوان و کۆمەڵکوژی دەکات.
راشیگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات شەڕ لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات بەمەبەستی دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، “داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا دەکات ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ڕاگرتنی ئەم شەڕە و گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتیانە لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانەوە”.
جەختیشی کردەوە، عێراق بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە لە ڕێگەی پەیوەندییکردن بە سەرکردەکان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان، هەوڵی زۆر دەدات. ڕوونیشی کردەوە، ئیدانەی هێرشی ئیسرائیل لە دژی ئێران کرد و گوتی: هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش، ئاشتی، سەقامگیریی عێراق.
سوودانی باسی لەوەش کرد، “ئەم پێشێلکارییەی یاسا لەلایەن ئیسرائیلەوە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت”، پێشێلکردنی سەروەری عێراقی ڕەتکردەوە، بەوەی سکاڵایەکی فەرمی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان کردووە.