ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وەزارەت داوای کۆبوونەوەی لە دەستەی ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆم کردووە.
لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاشیگەیاند “وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لە دەستەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کردووە.”
دەشڵێت” ئێمە تیشکمان لەسەر بەرگریی کردنە و داوا لە هەر لایەنێک دەکەین کە بتوانێت گرژیی و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوەستێنێت. چونکە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەی نەتەنز لە ئەسفەهان پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکانە”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی” ئەوەی دەگوزەرێت دەستدرێژییەکی سوپای ئیسرائیلە بۆ سەر خاکەکانمان و ئەم دەستدرێژییە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پاساوی بۆ هەبێت”.
دەشڵێت” ناتوانین بیر لەوە نەکەینەوە کە دەستدرێژییەکەی ئیسرائیل بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن ڕووی نەدابێت”.
































































