بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ھەولێر دەڵێ، دوای دەرچوونی بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردن و سواڵکردنی منداڵان لەسەر شەقامەکان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دابنرێت.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارمان داوە کار لەسەر ئەو منداڵانە بکەین کە خەریکی کارکردن و سواڵکردنن لەسەر شەقامەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ھەماھەنگیی باشمان ھەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدرێت، کە وەزارەتی کار و وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی ھەولێر و پارێزگای ھەولێر و دەستەی مافی مرۆڤ و دادگا و داواکاری گشتی و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی منداڵپارێزی ناوخۆیی تێیدا بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ نەھێشتنی ھەردوو دیاردەی کارکردنی منداڵان و سواڵکردن لەسەر شەقامەکان دابنێین.
چاوشین گوتیشی، پێشتر بڕیار دراوە و ئەمڕۆ میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دادەنرێت و دواتر ڕاستەوخۆ دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، لە ئێستاشدا بە پلەی یەکەم لە ھەولێر دەست پێدەکەین و دواتر لە شوێنەکانی دیکەش دەست پێدەکات، ھەرچەندە پێشتر کاری لەسەر کراوە و ئەمجارە بە شێوەیەکی فراوانتر کاری لەسەر دەکەین، کە زۆرترین لایەن لەگەڵ ئێمە بەشدار دەبن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
دەشڵێت، بە ھۆی گۆڕانکاری لە ژمارەکان، تا ئێستا ھیچ داتایەکی وردمان لە بەردەستدا نییە ژمارەیان چەندە ئەوانەی لەسەر شەقام کار و سواڵ دەکەن، بەڵام دەچینە ھەر شەقامێک ئەو حاڵەتانە ھەن، کە بەشێکی خەڵکی خۆمانن و بەشێکی ئاوارە و پەنابەرن، بۆیە دەمانەوێت سەرەتا بزانین ژمارەیان چەندە و دواتریش ھۆکاری کارکردن و سواڵکردنیان چییە و چۆن کار بکەین بۆ ئەوەی وا بکەین ئەو منداڵانە واز لەو کارە بێنن و کۆتایی بەو کارە بێت و چیتر رێگە نەدرێت منداڵ لەسەر شەقام کار و سواڵ بکات.