زارى کرمانجى:
خاتوو هەرمن ئەحمەد، نووسەر و چالاكوانێكی دیاری كورد لە دەرەوەی وەڵات كە لە زۆربەی هەرە زۆری چالاكییەكانی كوردانی دەرەوە وڵات بۆ ناسینی كێشەی نەتەوەی كورد رۆڵی بەرچاوی هەیە، وەك نووسەرێكیش هەم لە كوردستان و لە میدیاكانی بیانیش بابەتی جیاجیای سیاسی و كۆمەڵایەتی دەنووسێت و بۆچوونەكانی وەك ئافرەتێكی بوێر و هۆشیار دەخاتەڕوو. لەم بەسەر كردنەوەی زاری كرمانجی وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* بە شێوەیەكی گشتی ئیستا رۆڵی ئافرەتان لە چاڵاکییە سیاسی و بابەتەكانی دیكە چۆن دەبیتی ؟
– لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئافرەتانی کورد ئەو قۆناغەیان تێپەڕاند کە تەنها ئەرکیان بەخێوکردنی منداڵەکانی و ماڵداری کردن بێت ، ئافرەتانی کورد ڕۆڵیان هەمیشە بە پۆزەتیڤی گێڕاوە لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا ، ئەو ئەرک و ڕۆڵانەش لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر دەگۆڕێت هەروەها بارودۆخی ژیانکردنیش تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر خێزانەکان درووستدەکات ، پێش ئازادکردنی هەرێمی کوردستان لەدەستی ڕژێمی بەعس، ئافرەتی کورد کەمتر بەشداریی سیاسەتیان دەکرد، چونکە بارودۆخەکە بەگشتی مەترسیداربوو، ئەو ئافرەتانەی کە هاوشانی خێزانەکانیان لەشاخبوون و دەبوون بەپێشمەرگە ڕێژەیەکی کەمبوو هەروەها ئافرەتی کورد بەڕێژەیەکی کەم لە پۆستی باڵای حزبەکاندابوون، ئەو ئافرەتانەی لە ناو شۆڕشدابوون یان هاوسەر یان خوشک و کەسە نزیکەکانی پێشمەرگە و مەکتەسیاسییەکانی حزب بوون، بارودۆخی ئێستا جیاوازە، ئافرەتان بەشداریان لە کایەکانی سیاسەت زیادی کردووە چونکە زەمینە سازییەک هەیە بۆ ئازادی بیروڕا جیاوازەکان ، خۆکاندیدکردن و پێشبڕکێی سیاسی نێوان نێر و مێییەکان نەریتێکی دیموکراسی جوان و سەردەمیانەیە ، هەرچەندە ئافرەت تا ئێستا بە سیستەمی کۆتا لە هەڵبژاردنەکان دەرئەچن زۆر دەگمەنە ئەگەر بیبستین خانمێکی بەربژێر دەنگێکی تەواوی هێنابێت ، هەروەها ئەو سیستمەی کۆتایەش و لەناو حزبەکاندا بوونی هەیە لەوێشدا خزبەکان میکانیزمێکی هاوسەنگیان دروستنەکردوە تا ڕێژەی ژنان هاوتای پیاوان بێت ، هەروەها هەر بەو سیستەمە کۆتایەش پۆستیان پێدەدرێت، بەڵام بۆمن ئەنجام گرنگە ئەویش ئەوەیە کە بەشدارن و بوونیان لە نەبوون باشترە، هەرچەندە هێشتا ڕێژەکە کەمە بەراورد بە پیاوان. هۆکارەکانیش بریتین لە:
”دەرفەت برەخسێت دەبینین ژن چەند داهێنەر و بە ئەزموونە”
-سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی، زیاتر پشتگیری لە پیاوان دەکات و بڕیارەکانیش هەر لای پیاوان دەدرێت . هەر پیاوانیش ئەو زەمینە دەرەخسێنن بۆ ئافرەتان کێ بەشداربێت و کێ بێتە پێشەوە
– ڕێژەی دەرفەتەکان بۆ ئافرەتان کەمترە ، پیاوان ئەو دیدەیان نەگۆڕاوە و پێوانەیەکیان لە هزریان دروستکردووە کە ئافرەتان کەسایەتییەکی لاواز و نەرمیان هەیە بۆ پۆستە گرنگەکان و شوێنە سیادییەکان نەگونجاون و باوەڕیان پێناکرێت وە لێشیان قبولناکرێت باڵاتربن لە خۆیان مەبەستم ( پیاوانە) ئەو پیاوانەی کە جارێ هزری پیاوسالای بەسەریان زاڵترە وەک لەوەی یەکسانخوازبن
* ئافرەتان دەرەوەی كوردستان چەند توانیویانە پەیامی نەتەوەیی بگەینن؟
– ئافرەتانی کورد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی تاراوگە تا ڕادەیەکی باش توانیوویانە گەیەنەری شوناسی نەتەوەیی بن و لە ناساندنی کێشەکانی کوردستان و قەیرانەکاندا ڕۆڵی ئەرێنیان بینیووە، لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکاندا وەک پارێزەرێک ڕۆڵیان گێراوە ، لە ناو ڕێکخراوە کوردییەکاندا یاخود لە ڕێکخراوە بیانییەکاندا هەمیشە بوونەتە بەدەنگ و ڕەنگی نەتەوەکەیان. نموونەش زۆرن چەندین نەوەمان هەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گەورەبوون جێی خۆیان کردۆتەوە هەریەکەو لەبوواری خۆیدا بۆتە ئاوێنەیەک بۆ کوردستانیانی دیاسپۆرا.
* زۆرجار باسی ئەوە دەكرێت ئەو ئافرەتانەی دەیانەوێت شوێن پەنجەی دیار بێت بیرۆکەی قوڵ و جددیان پێ نییە، ئەمە چەند راستە و هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێنییەوە ؟
– جێی خەمە وەها بیربکرێتەوە و بەوشێوەیە بڕواننە توانای ئافرەتان، نادادپەروەرییەکی گەورەیە توانای ئافرەتان نەبینرێت و نەبیسترێت چەندین ئافرەتی بوێر و بەتوانامان هەیە مەخابن تواناکانیان بەهەند وەرنەگیرێت . خەمەکە لەوەدایە سیستەمی پەروەردەیی چ لەناو کۆمەڵگەدا و چ لە ناو ژیانی خێزانە کوردەکاندا لەسەر جیاکاری رەگەزیی هزی کەسەکان و تاکەکان جۆشدراوە بەشێوەیەک مێشکیان پڕدەکرێن ، چاو و ئەقڵ دوو پێکهاتەی گرنگی مرۆڤەکانن، بەکارهێنانیی زۆر گرنگە ئافرەتان گیرۆدەی دەستی ئەو سەیرکردنەی چاوکانیان ئنجا مۆتۆری ئەقلیش ئەبێتە فاکتەرێکی بۆ ئەوەی باش و خراپ یا بڵێم فکر ڕۆشنبیر یاخود فکری داخراو درووست دەکات ئینجا ئەقل و چاوکانیش سنوور دائەنێت ئیدی پیاوان تەنانەت هێڵی سووریش بپەڕێنن ئاساییە، بەڵام بۆ ئافرەتەکان زۆربەی هەرە زۆری مافەکان سنودارە و هێڵی سوورە، جا ئەو جیاکارییە هۆکارێکی نەگەتیفانەیە کە ناهێڵێت ئافرەت ئەو بیرۆکەی کە هەیەتی وە ئەو توانستەی هەیەتی نیشانی بدات کە کەمتر نیە لە توانای ڕەگەزی بەرانبەری، هەروەها فاکتەرێکی سەردەمیش درووستبووە کە میدیاکان و سۆشیال میدیاکان زۆرجار ئافرەتان بەس لە چواچێوەی جوانکاری و مۆدێلست دەناسێنێت نەک بە فۆرمولە ژیر و هۆشیارییەکەی .
“پیاوان بڕیار دەدەن كام خاتوون بەشدار بێت و بێتە پێشەوە “
راستیەکی تاڵ هەیە کە نە مێژووی کۆن و نەمێژووی هاوچەرخ توانیویەتی هاوکار و پاڵپشتی ژنان بێت لە نووسینەوەی چیرۆک و داستانەکانیان ، ئەو زەمینە سازییە جاری بەتەواوەتی هەر نەسازاوە کە زۆر جەریئانە بتوانین قسە لەسەر هەموو رەهەند و بەربەستیەکان بکەین ، کۆتا قسەم ئەوەیە ، دەرفەتی دەربڕینیان پێبدرێت ڕێگرییان لێنەکرێت، ژینگەیەکی ئارامیان بۆ سازبکرێت، ئەوکات دەبینین ئافرەت چەند داهێنەرە و چەند بە ئەزموونە
* سەنتەرەکان و ڕێکخراوەکان تا چەند توانیویانە زەمینەییەکانی هاتنە پێشی ئافرەتانی خاوەن توانا بڕەخسێنن ؟

– بوونی ڕێکخراو لە نەبوونی باشترە، ڕاستە گلەیی زۆر لە ڕێکخراوەکان دەکرێت کە بەگوێرەی قەبارەی زۆری ڕێکخراوەکان کە لەسەر مافی ئافرەتان کاردەکەن جارێ نەیانتوانیوە ببنە هۆکار و بەشێکی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی ئافرەتان دێن ، با لێرەدا نەڵێم و ئەرکی ئەوان کەمبکەمەوە کە ئەو ڕێکخراوانە هیچیان نەکردووە ، هەڵبەتە کاریان کردوە بەڵام ئایا توانیویانە گۆڕانکارییەک بکەن ؟ وەک باسمکرد ئەبێت کاری باشیان کردبێت، بەڵام بەگوێرەی پێویستییەکان و خواستەکانی ئافرەتان نین، چونکە بەهۆی دنیای بەجیهانی بوون و پێشکەوتنێکی زۆری تەکنەلۆجیا، حەز و ویستەکان و کێشەکانی زۆر بوونە، ڕێکخراوەکانیش پێویستیان بە پشتگیری کردنی ڕاستەقینە هەیە نەوەک تەنها وتار و پیاهەڵدان کە ژن نیوەی کۆمەڵگایە، بەڵام لە ڕاستیدا وەها رەفتاردەکرێت لە بیریان دەچێت کە لە هەناوی مێیینەکەوە لەدایک دەبن، ئیدی کە کۆمەڵگە هەر بە تیۆری مافەکان بدات بە ژنان، ئیدی چۆن ڕێکخراوەکان دەتوانن ماف وەرگرێت !
* زۆرجار ئافرەتە چالاكەكان لەناكاو وون دەبن بەتایبەتی دوای هاوسەرگیری ئەمە بۆچی دەگەڕێنییەوە؟
– فشارە کۆمەڵایەتیەکان کە هاوسەرگیری وەک کۆتایی ژیان دەبینێ یاخود بڵێم وەک چارەسەرێک بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیانی پێیوایە کە هاوسەرگیری ئەو خاڵەیە کە لەکۆتایی هەموو ڕستەیەکدا دادەنرێت .
زۆربەی خێزانەکان یان بڵێم تاکەکان بەجۆرێک دەرواننە پرۆسەی هاوسوەگیری کە پێیان وایە پێش هاوسەرگیری تۆی مێینە ئازاد بووی بەڵام دوای هاوسەرگیری تۆ ئیتر لە چوارچێوەی خێزانێکدایت، ئەو ئازادییەی پێش پرۆسەی هاوسەرگیری تەنها بڕیار خۆی نایدات کە چۆن بیەوێت بژی ئێستا هاوبەشێکی هەیە لە بڕیاردان زۆر کاتیش ئەو هاوبەشەی ژیانی سەرسەختانە بڕیار لەسەر چۆنیەتی ژیانی خێزانەکەی ئەدات هەلبەتە زۆر هۆکار هەیە کە ئافرەتان ببن بە ژێردەستی بڕیاری پیاوان و لێی دەرنەچن . هەڵبەتە فاکتەری زۆر هەن بۆ نموونە؛ نەبوونی یارمەتی و پشتوانی خێزانی مەبەستم ماڵباتە
-سیستەمی کار کردن کە ئاسان نەکراوە بۆ ئافرەتان خۆیان لەو شوێنانە بدۆزنەوە کە تێیدا کار بکەن. دڵپیسی و بێمتمانەیی کە دەبێتە هۆکاری ڕێگریکردن لە چوونە دەرەوەی هاوسەرەکانیان چونکە بە موڵکی خۆیان دەزانن ئافرەتەکانیش ئەو هزرەیان لادروست دەبێت کە راستە وایە خۆی بە مۆڵکی هاوسەرەکەی دابنێ هەر ئەویش ئەتوانێت بڕیار لەسەر ژیانی بدات ئیدی هەرنێک ئافرەت پێی قبوڵە وە هەندێکیش قبوڵی ناکات>
* ژن كوشتن كەمی كردووە، بەڵام هەر بوونی هەیە، زۆر بە كەمی هەڵوێستی رێكخراوەكانی ئافرەتان و مافی مرۆڤ لە كاتی ئەم رووداوانە دەبیندرێن، هۆكارەكەی بۆ چی دەگەرێنییەوە ؟
– لە هەرێمی کوردستان کێ زۆرینەیە لە ناو دامودەزگا باڵاکان و بەڕێوبەرایەتییەکانی بەڕێوەدەبەن ؟ وەڵامەکەی : پیاوان زۆرینەن، زۆربەی جومگەکانی بەڕێوبەرایتییەکانیان گرتووە، بازاڕ بەدەست پیاوانە، ئەم سیستەمە لە کۆنەوە وەها ماوەتەوە و پیاوان پۆستە گرنگەکان وەردەگرێن، ژنەکانیش گەر بەتواناشبن ئەو سیستمەی کە بۆتە نەریتێک بۆ پیاوان ڕێگە نادات ژنێک بێتە پێشەوە، لەوانەیە پێم بڵێی ئێ ئەوە نیە دوو بۆ سێ خانمی سیاسی لە پۆستی باڵادان لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران ، ئەو دوو خانمەش بەو سیستمە کۆتایە جێگیر کراون کە پێشتر باسمان کرد قسەم لەسەر یەک خانم یان دوو ئافرەت نیە کە پۆستی پارێزگاری یان بەڕێوبەرایەتییەکیان وەرگرتبێت، قسەکە لەو توانای بەڕێوەبردن و فێر بوون و گۆڕانکاریمان هەیە ترس و ویستەیە کە نەتوانراوە مافی تەواوەتی بە ئافرەتە بەتوانا و بەرهەمدارەکان بدرێت، زۆر بەی کات پیاو بەڕێوبەرە و ئافرەت جێگیریەتی، هەر لەوە سەیرکە کە پیاوان بە ئاستەم قبوڵیانە ئافرەت بەڕێوبەری بێت و ئەو جێگیر بێت، بەڵام بۆ ژنێک ئاساییە کە جێگیر بێت چونکە ئافرەتان وەک پیاوان بیرناکەنەوە، هزری ژن فراوانترە و زۆر شتی پێ قبوڵە چونکە ئەیەوێت خۆی بسەلمێنێ کە بوونی گرنگە ، بەڵام دەبێت بڵێم ئافرەتان بە کۆمەڵێک قۆناغی سەختدا تێپەڕیوون توانیویانە ئەو سنورانە بشکێنن کە سیستەمی پیاوسالای بۆیانی کێشابوون، ئافرەتی کورد ئێستا زۆر جیاوازن لە چاو ئافرەتانی پێش خۆیان .
* كاریگەرییەكان هزری پیاو سالاری هێشتا زاڵە پێتوایە ئافرەتە ئەكادیمییەكان چۆن كار لەسەر كاڵتر كردنەوەی ئەم هزرە بكەن؟
– وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارانە بە چەند دێرێک شرۆڤە ناکرێت چونکە فرە ڕەهەندە ، نە کۆمەڵگا و دابەنەریتەکان ڕێگە بەوە دەدات ڕێکخراوەکان هەستن بە ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆیان، نە دەسەڵاتە تەشریعەکانیش ئەومافە یاساییەی داوە کە ڕێکخراوەکان ببنە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشەکان ،گرفتاریی لەوەدایە کە کەس بەتەواوەتی هەڵناستێت بەئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی، بەداخەوە دەبێت بڵێم زۆربەی رێکخراوەکان ئیدی رێکخراوەکانی ئافرەتان بێت یان ڕێکخراوەکانی مافخوازەکان بێت یان پارێزەرەکان بێت، زۆربەی هەر زۆری سیاسەتی بێلایەنییان هەڵبژاردووە، هەندێک ڕێکخراو بەهۆی نەبوونی ستراتیژی لەکارەکانیان، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئەو ڕکێکخراوانە لە ڕووی داراییەوە دەبێت بوودجەیەکی باشی لە بەردەستدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت گۆڕانکاری بکات ، ئەگەرر بێتو دەستکراوە نەبن، نە لە بڕیار نە لە ڕووی مادییەکانەوە نە لە ڕووی پشتیوانیوکانەوە، ئیدی چۆن گۆڕانکاری بکات چۆن بتوانت بەشێک بێت لە چارەسەرەکان، ئەوەی ئێستا لە ڕێکخراوەکان دەبینرێت هەر لە ناو بازنەیەکی تیۆریدا لە چواچێوەی وتار و ئیدانەکردندا چەقیون و ناچنە پێشەوە، چونکە سنوورێکیان بۆ دانراوە کە نەچنە پێشەوە.
“بێمتمانەیی هۆکاری ڕێگریکردنە لە چوونە دەرەوەی خانمان”
* ژمارەیەك لەو ئافرەتانەی خۆیان بە بەرگریكاری جددی رەگەزی خۆیان دەزانن، سەر بەهەوێ شوو دەكەن، یا خزمەتی ئەو ئاراستە فكرییە دەكەن كە بیری پیاو سالار زاڵتر دەكات، بۆ؟
– کرۆکی هزری پیاوسالاری خێزانەکانە ،پاشان کۆمەڵگا پاشانیش مافەکان و یاساکانە و هتد …. کاتێک دەڵێین خێزان، بەشێک لەدادپەروەری کە دایک و باوک ئەو جیاکارییەیان کرد لەنێوان کوڕ و کچەکانی کە مافی ئازادی بەکوڕەکەی بەخشی و لە کچەکەی ئەسەنێتەوە، ئەمە ئیتر پەروەردەی پیاوسالاری زاڵ ئەبێت لەوماڵە ، ئینجا ئەوپەروەردە خێزانییە لە خێزانەوە ئەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگا ، کۆمەڵگاش هەر لەسەر ئەوهزرە داخراوەی خێزانەکان دابونەریتەکان بۆ ئافرەتان سنووردار دەکات ، چونکە کۆمەڵگەی کوردەواری کۆمەڵگەیەکی دیندارە زۆربەی نەریتەکان بە حەرام و حەلال و عەیبە و گوناحەوە ئەبەستێتەوە ، بۆ ئەوەی ئەو هزرە پیاوسالارییە کەمکرێتەوە پێویستە. ئافرەتە ئەکادیمییەکان لە ڕێگای توێژینەوە و وتارەوە و گۆڕینی سیستەمی پەروەردەیی هەم خێزان و کۆمەڵگا تاکەکان فێری ماف و یەکسانی بکات، نموونەی سەرکەوتووی ئافرەتە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرانمان زۆرە بەڵام ئەوانیش توشی ئەو بەرکەوتە پیاوسالارییە بوونەتەوە بەڵام چونکە ئیرادەی بەهێزی پێگەیشتوویان هەیە و خۆیان سەلماندوە کە بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن، ئەم هێزەش گرنگە پشتوانی لێبکرێت بۆ ئەوەی نەوەیەکی تەندروست پەروەردەبکرێت، خۆشبەختانە ڕێژەی ئافرەتان لە بوارەجیاوازەکانی ژیاندا زۆر لەپێشە گەر بەراوردی بکەین بەساڵانی پێشوو.
” دیدگایەك دروستکراوە مێینە کەسایەتی لاواز و نەرمی هەیە”
* بەشێوەیەكی گشتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم زەمینەیەكی لەبارتری بۆ هاتنە پێشەوەی ئافرەتان رەخساندووە، پێتوایە ئافرەتان بتوانن سوود لەم هەلە وەربگرن و خۆیان بسەلمێنن؟
لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئافرەتان و بەشداریکردنیان لە بوارە جیاوازەکاندا بوونیان هەبێت، ئەو زەمینە لەبارە بۆیان رەخساوە کە بتوانن تواناکانی خۆیان نیشانبدەن کە ئافرەتانیش ئەتوانن سەرکردەبن ئەتوان کارامەبن و ئەتوانن ئیداریبن لەو ئەرکانەی پێیان ئەسپێدرێت، ئەم هەنگاوانە وەها دەکات گۆڕانکاری لە زههنیەتی تاکی کۆمەڵگە و کەسایتیەکاندا بگۆرێت کە ڕێگەبدەن ئافرەتان چالاکتربن لە ڕووی کاری سیاسی ، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ، تا چەند ڕێژەی ژنان زیادبێت لە بەڕێوبەرایەتییەکان، ئەوکات هەستدەکەی دەڵێی بەڵێ ئیدی دیدی کۆمەڵگە گۆڕاوە و نیشانەی پێشکەوتن و باوەڕبوون بەیەکسانی ڕەگەزی لە ئاستێکی باش و بەرەوپێشچووندایە .
“میدیا ئافرەت لە جوانکاری دەناسێنێت نەک هۆشیارییەکەی”
هەڵبەتە سەرنج وتێبینی زۆر هەیە لەسەر هۆکاری ئەوەی بۆچی تائێستا لە ناوکۆمەڵگەی کوردیدا ئافرەتان هەر بەپلە دوو یاخود یان بۆ کاری پرۆتۆکۆلی یان وەک سیمبۆڵێک بۆ پرکردنەوەی ئەو گازندانەی کەبۆچی ئافرەتان بوونیان نیە ، وەڵامی ئەم پرسیارانە چەندین رەهەندی هەیە ، حزبەسیاسییەکان بەشێکن لە پێکهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێکدێت لەچەندین دەزگای سیاسی و ئابووری و یاسایی وهتد… ئەم دەزگایانە هەموویان بەئەندامانی حزبەکان پڕدەکرێنەوە پێکدێن، کەواتە ئەرکی بەشداری کردن و ڕۆڵ پێدانیان ئەرکی حزبەکانە ، پاشان بە سەدان ڕێکخراوی ئافرەتان هەیە ئەرکی ئەم ڕێکخراوانەش چاکسازیی و داکۆکیکردنە لەسەر مافی ئافرەتان دینامیکی بەهێزبوونی ئافرەتان سەرچاوەکەی لە سیاسەتی حزبەکان و ڕێکخراوەکانەوە دەبینرێت بۆ پێشخستنی ماف و ڕۆڵی ئافرەتان ئەو ژینگە ئارامەیان بۆ بڕەخسێت، ئەوکات ڕۆڵی پەروەردەی کۆمەلایەتی بەربەست و مەترسیەکان کەمدەکاتەوە.