وەزارەتی شارەوانی هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی ئاگادار کردەوە، هەفتەی داهاتوو چیتر فۆڕمی زەوی لە فەرمانبەران وەرناگیرێت.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی شارەوانی، کە وێنەیەکی دەست زاری كرمانجی کەوتووە، هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە 20ی6ی2025 دوایین وادەیە بۆ ناردنی فۆڕمی زەویی فەرمانبەران و دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێکی نوێ وەرناگیرێت.
لای خۆیەوە ئەندازیار مەروان عەبدوللەتیف، سەرۆکی لێژنەی باڵای وردبینیی فۆرمی زەویی فەرمانبەران لە وەزارەتی شارەوانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە دوا مۆڵەت و دەرفەتە بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان، ئەوەی فۆڕمی زەوی نەناردووە بنێرێ، دواتر فۆڕم وەرناگیرێت.”
ئاماژەی بەوەش دا، هەر خانەنشینێک یان پێشمەرگەیەک یان کارمەندێکی ناوخۆ مابێت دەبێت فۆڕمەکانیان بنێردرێ، بەڵام ئەوانەی هێناویانە و گرفتێک یان کەموکوڕییەکیان هەیە ئەوانە ناگرێتەوە.”
ئەوەشی خستە ڕوو:”هەندێک فۆڕم بۆمان هاتووە بەم دواییە خزمەتیان بووەتە هەشت ساڵ، ئەوانە ڕەت دەکرێنەوە، خۆی هەشت ساڵەکە لە 1ی8ی2024 تەواو دەبێت، ئەوەی دوای ئەوە بووبێتە هەشت ساڵ ڕەت دەکرێتەوە.”
سەرۆکی لێژنەی باڵای وردبینیی فۆرمی زەویی فەرمانبەران ئاشکراشی کرد: “422 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین و هێزی ئەمنی و پێشمەرگە ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوییان گەڕاوەتەوە، ئەگەرچی ژمارەی کۆتایی نییە، بەڵام نزیکەی 20 هەزار فۆڕمێک لامان ماوە لە وردبینییە.”
ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024 وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.