مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی مۆساد ی لە ناو شارەكانی ئێران ڕاگەیاند و داواش لە خەڵك دەكات هاوكار بن لە دۆزینەوەی ئەو كەسانە .
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، چەندین ئەندامی مۆساد لە چەندین شاری ئێران دەستگیركراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەكەی پۆلیسی ئێران ” لە ئەسفەهان 16 كەس بە تۆمەتی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەستگیركراون و دوو ئەندامی مۆساد یش لە كرماشان و كەرەج، لە ماڵێكی تیمیدا كە خەریكی دروستكردنی بۆمب و ماددە تەقێنەرەكان بوون، دەستگیر كراون.”
فەرماندەی پۆلیسی ئێران هۆشداری بە خەڵك دەدات خۆیان دوور بگرن لە هاوكاریكردنی ئیسرائیل چونكە سزای توند دەدرێن و لەبەرامبەریشدا داوا لە خەڵك دەكات هاوكارییان بن و لە هەر جووڵە و چالاكییەكی گوماناوی ئاگادارییان بكەنەوە.