ناوەندی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵیت؛ ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 35ـی ئیسرائیلی ئاسمانی ئێرانیان بەزاند و چەند کاتژمێرێک سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتەیان تووشی گرفت کرد.
هاوکات سوپای ئێران پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە و دەشڵێت؛ توانیویانە فڕۆکەیەکی ئێف 35 بخەنە خوارەوە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی لەناو خاکی ئێراندا کەوتبێتە خوارەوە، بەڵام شەوی رابردووش چەند هەواڵێک لەبارەی بەردانەوەی دوو فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران بڵاوکرایەوە، دواتر وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل هەواڵەکەی رەت کردەوە.
چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە “رێگەی چوون بۆ ئێران خۆش بووە و بەپێی ئەو پلانانی پێشوەختە ئامادەکراون، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی ئاسمانی هێرش دەکەنە سەر چەند ئامانجێک لە تاران”.
هاوکات میدیاکانی ئێران ڤیدیۆی بەئامانجگرتنی چەند بنکەیەکی مووشەکی و ناوەندی سەربازییان لە تاران و پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و ئیسفەهان بڵاوکردووەتەوە کە دەردەکەوێت بە تەواوەتی لەکار کەوتوون.