بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەم بارودۆخەی لە ناوچەکە دروست بووە، ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی دروست نەکردووە دهشڵێ، کەلوپەل زۆرە لە بازاڕ و ئێمە بەشێکی زۆری لە ڕێگەی کارگەکانی خۆمان لە ناوخۆ بەرھەمیان دێنین.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا کراوەن و ھیچ دەروازەیەکی سنووری دانەخراوە و جموجۆڵی بازرگانیش بەردەوامی ھەیە.
شێخ کامیل گوتیشی، ڕێگە نادەین ئەم دۆخەی دروست بووە ھیچ کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست بكات، داواش لە ھاووڵاتیان دەکەین بەپێی پێویستیی خۆیان کەلوپەل بکڕن و زیاد لە خۆیان نەیکڕن، چونکە کەلوپەل زۆرە لە بازاڕ و ئێمە بەشێکی زۆری لە ڕێگەی کارگەکانی خۆمان لە ناوخۆ بەرھەمیان دێنین، بۆیە ئێستا لە زۆرێک لە بەرھەمەکان پشت بە کارگەکانی خۆمان دەبەستین و ئەوانەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەوە ھاوردە دەکرێن، بەرھەمەکانی خۆراک زۆر کەمن و زیاتر لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکانەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن.