زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
ڕائید موحتاج عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرگری شارستانی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: كاتژمێر 5ی بەیانی بەهۆی تەقینەوەی مینێك لە چیای قەلەندەر ئاگر لە پوش و پاوان و دارستانی ناوچەكە كەوتووەتەوە، ئەو شوێنانەی كە مین و تەقەمەنی لێ نییە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، بەڵام دیوی لای مەیدانۆكا كە هەمووی مین و تەقەمەنییە ناتوانین بچینە پێشەوە، تا ئاگرەكە نەهێتە خوارەوە ناتوانین كۆنتڕۆڵ بكەین.
بەڕێوەبەری بەشی بەرگری شارستانی مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئێستا هەشت تیمی ئاگر كوژێنەوە لە شوێنەكە ئامادەن لەگەڵ پێشمەرگەكانی ژینگەپارێزی بارزان، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین لەبەر مەترسی شوێنەكە كەس خۆ نزیكی ئاگرەكە نەكاتەوە.