هانا قادر – مامۆستای زانكۆ:
یاری تۆپی باسكە یەكێكە لە یارییە جیهانییەكان، بەڵام لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پەرەپێدانی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێكی بەرز و ببێتە یەكێك لە وەرزشە سەرەكییەكان لە نێو قوتابیاندا.
ئەوەی دەمەوێت تیشكی بخەمەسەر كۆلێژ و سكوڵە وەرزشییەكان لە زانكۆكانی كوردستان پێویستیان بە ژێرخانێكی بەهێزی وەرزشی هەیە كە تایبەت بێت بە یاری تۆپی باسكە هەروەها دابینكردنی كەل و پەل و هۆڵ و یاریگای وەرزشی، ئەمانە وەك سەرەتایەك فاكتەری گرنگن بۆ پێشكەوتنی ئەم یارییە، لە لایەكی دیكەوە پێویستە مامۆستاكان هاندەربن لە پشتگیری و پێگەیاندنی قوتابییەكانیان بە تایبەت لە سكوڵی وەرزشی زانكۆكان، و جگە لەمەش خول و پێشبڕكێی بەردەوام لە ناوخۆ و نێوان زانكۆكان لەم یارییە بكرێتەوە بێگومان هۆكاری كاریگەرن لە پێشكەوتن و دروستبوونی یاریزانی ئاست بەرز، و ئەمە دەرفەت بە یاریزانان دەدات كە ئەزموونی زیاتر بەدەست بهێنن و ئاستی خۆیان بەرز بكەنەوە.
بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە كە ڕاهێنەری پسپۆر و بەئەزموون بۆ ئەم یارییە دابین بكرێت كە بتوانێت یاریزانان فێری تەكنیكەكانی ئەم یارییە بكات و هەروەها پێویستە بەرنامە و پلانی دیاریكراو بۆ ئێستا و درێژخایەن بۆ ڕاهێنان دابڕێژرێت كە تاقیكردنەوەی فیزیكی و تەكنیكی دەروونی و پڕاكتیكی تێدا بێت.
لە كۆتاییدا یاری تۆپی باسكە دەتوانێت ببێتە یەكێك لە گرنگترین چالاكییە وەرزشییەكانی زانكۆكانی كوردستان ئەگەر ئەم هەنگاوانە بە باشی جێبەجێ بكرێن بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی، ئەمە یارمەتی تەندروستی جەستەیی و دەروونی قوتابیان دەدات، هەروەها گیانی بە گرووپ كاركردن و یەكڕیزی لە نێویاندا پەرە دەسێنێت و ئەو یارییە وەرزشییە زیاتر پێشدەكەوێت.