تەنیا دوو رۆژ ماون مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا دەستپێدەکات، خواستی کەم لەسەر بلیتی یارییەکانی مۆندیال بەربەستی گەورەی بەردەم فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی یاریگەی هارد روک لە یاریی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا لەنێوان هەردوو یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی و ئەهلی میسری پڕبکات لە هاندەر، لەکاتێکدا یاریگەکە 64،767 هاندەر دەگرێت، بەڵام کەمتر لە 25 هەزار بلیت بۆ یارییەکە فرۆشراون.
رۆژنامەی ئاتلێتیکی بەریتانی دەڵێت “فیفا بڕیاریداوە بلیتەکانی ئەو یارییە پێشکێشی قوتابیانی یەکێک لە زانکۆکان بکات، بۆ ئەوەی قوتابییەکان بچنە یاریگە و یاریگە پڕبکەن لە هاندەر.”
ئۆفەری فیفا بۆ قوتابیانی زانکۆ بەمشێوەیە دەبێت، بلیتەکانی یارییەکە بە 20 دۆلار پێیاندەفرۆشرێت و 4 بلیتی دیکەشی لەگەڵدا بە خۆڕایی دەداتە قوتابییەکان، بەس بۆ ئەوەی بچنە یاریگە.
فیفا هەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکات سەبارەت بە کەمی خواست لەسەر بلیتی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی گشتی و یاریی کردنەوەی بەشێوەیەک تایبەت، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی فیفا ناچار بێت نرخی بلیتەکانی یاریی کردنەوە بە رێژەی 84٪ دابەزێنێت.
نرخی بلیتی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییە سەرەتا 306 یۆرۆ بوو، بەڵام بۆ 50 یۆرۆ کەمکراوەتەوە کە ئەمەش نرخێکی زۆر ئاساییە.