جامی جیهانی یانەکان بە شێوازێكی نوێ بۆ ماوەی یەك مانگ بە بەشداریکردنی باشترین یانەکانی جیهان بەڕێوەیە و فیفاش خەریکی نوێگەریی زیاترە.
فیفا یاسایەکی نوێی راگەیاندبوو یانەکانی بەشداربووی مۆندیالی یانەكان تا رۆژی 10ـی ئەم مانگە بۆیان هەیە شەش یاریزان بگوازنەوە، بەمەش لە دوای كاتژمێر 12:00ـی شەوی رابردوو دەرگای گواستنەوە بۆ جامی جیهانی یانەكان داخرا، بەڵام لەبەردەم بەشێك لە یاریزانان دەرگایەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی فیفا بڵاوی كردووەتەوە، هەر یانەیەك دەتوانێت 35 یاریزان بانگهێشتی جامی جیهانی یانەكان بكات، بەڵام بۆ هەر یارییەك تەنیا دەبێت بانگهێشتی 26 یاریزان بكات، ئەو یاریزانانەی لە رۆژی 30ـی ئەم مانگە گرێبەستەكانیان لەگەڵ یانەكان كۆتایی دێت، دەتوانن تا رۆژی 3ـی مانگی داهاتووش دەرفەتیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یەكێك لە یانە بەشداربووەكانی مۆندیالی یانەكان بكەن.
ریاڵ مەدرید لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ گۆڕانكاری گەورە دەكات
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی رێگە نەدات وەرزی داهاتووش هاوشێوەی ئەم وەرزە بارسێلۆنا كۆنترۆڵی ئیسپانیا بكات، لە یەكەمین هەنگاویش، کارلۆ ئانچیلۆتی بەرەو بەرازیل بەڕێكرد و ئالۆنسۆی هستە شوێنەكەی.
دواتر كۆتایی بە سەردەمی لوكا مۆدریچ و لوكاس ڤاسكێز هێنا، پاشان ڤایخۆشی لە كۆڵ ریال مەدرید كردەوە و یانەكەی جێهێشت، ئێستا پێرێز و ئالۆنسۆ وردە وردە گۆڕانكارییەكانیان لە پێكهاتەكەی دەستپێكرد، دوێنێ دین هاوسنی بە میدیایەكان ناساند، لەم هەفتەیەش ئەلێكساندەر ئارنۆڵد لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشكەشی میدیایەكان دەكرێت.
ئاتڵێتیكۆ مەدرید ئامانجێكی گەورە و پێكهاتەیەكی نەگۆڕ
ئەتڵێتیکۆ مەدرید بە هەمان پێکهاتەی ئەم وەرزە بەشداریی مۆندیالی یانەكان دەکات و چاوی لەوەیە بگاتە یاری کۆتایی، ئەم یانەیە دەیەوێت دوای یارییەکان خۆی بەهێزتر بکات، ئەگەرچی پلانی گواستنەوەی رۆمێرۆی لە تۆتێنهام و ئەلێکس پانییای لە ڤیاریاڵ هەیە، بەڵام تا ئەم كاتە هیچ گۆڕانكارییەكی نەكردووە.
شوڕشی مانچێستەر سیتی و ئاسوودەیی پاریس سانجێرمان
مانچستەر سیتی دوای وەرزێکی بێ دەسکەوت، بە کڕینی یاریزانان جیناتی رێندرێز، ئایت نووری و ڕایان شەرقی دەیەوێت لە مۆندیالی یانەكان ركابەرێكی بەهێز بێت. رەنگە دی برۆینێ بەر لە یارییەکان ئەم یانەیە جێبهێڵێت و دەنگۆی جیابوونەوەی یاریزانان بێرناردۆ سیلڤا، گۆندۆگان و گرلیشیش لە ئارادایە. رۆدریش دوای پێکانە قوورسەکەی بۆ پێکهاتە گەڕاوەتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، پاریس سانجێرمانیش دوای ئەوەی بە سەركردایەتی لویز ئێنریکێ بۆ یەكەمجار لە مێژووی یانەكە چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، جگە لەمەش سێ نازناوی خولی نێوخۆیی فەڕەنسای بردووەتەوە و پێدەچێت بە پشوودرێژی و ئاسوودەیی بەرەو مۆندیالی یانەكان بەڕێبكەوێت.
بایرن میونشن و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەژێر چاودێرین
بایرن میونشنی پاڵەوانی بۆندزلیگا هێرشبەرێكی گواستووەتەوە و دەیەوێت فلۆریان ڤیرتزی ناوەراستكاری لیڤەركووزن لە چنگی لیڤەرپول دەربێنێت، داهاتووی لیروی سانێ نادیارە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوای وەرزێکی بێ دەسکەوت لەگەڵ نەسر، دەنگۆی ئەوە هەبوو لەگەڵ یانەیەكی بەشداربووی مۆندیالی یانەكان گەشتی ئەمریكا بكات و یەكێك لە بژاردەكانیش یانەی هیلالی سعوودی بوو كە لە مۆندیالی یانەكان كەوتووەتە گرووپی ریال مەدرید.
بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێنی ئەمریكا، فیفا ئارەزووی ئەوە دەكات رێگە بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆش بكات بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەیەكی بەشداربووی مۆندیالی یانەكان گەشتی ئەمریكا بكات و ببێتە ركابەری لیۆنێل مێسی كە لە جامی جیهانی یانەكان سەركردایەتی ئینتەر مەیامی دەكات.
ئینتەر میامی و یانەکانی ئەمریکای باشوور
ئینتەر مەیامی میوانداریی مۆندیالی یانەكانە و لە یاری کردنەوەدا بەرامبەر یانەی ئەهلی میسری یاری دەکات. یانەی رایادۆسا مۆنتری مەكسیكیش بە سەركردایەتی سێرخیۆ رامۆس بەشدارە لە مۆندیالی یانەكان.
لە ئەمریکای باشوور، یانەكانی فلامینگۆ لەگەڵ فلیپێ لویس، بۆکاجۆنیۆر بە بەشداریی ئەندرێ هرێرا و ئێدیسۆن کاڤانی، ریڤەرپلەیتیش لەگەڵ فرانکۆ ماستانتونۆی یاریزانی داهاتووی ریال مەدرید بەشدارە، لە لایەكی دیكەیشەوە (میسینیۆ) سەركردایەتی پاڵمپێراس دەكات لە مۆندیالی یانەكان.