ئەنتۆنی گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئێران و ئیسرائیل دەکات، هێرشە دوژمنکارییەکانیان بۆ سەر یەکتری ڕابگرن.
دوای زنجیرەیەک هێرشی چڕی مووشەکی و فڕۆکە جەنگییەکان لەلایەن ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە بەرانبەردا هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ، کاتی ئەوە هاتووە هێرشەکان ڕابگرن و ڕێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی بگیرێتەبەر.
ئەم پەیامەی گۆتێرێس دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ئێران، کە بەبێ دەرکردنی هیچ ڕاسپاردە و بڕیارێک کۆتایی هات.
لە بەرە بەیانی رۆژی هەینی 13-6-2025، سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی کردە سەر ئیران و دەیان شوێنی كردە ئامانج بە گوێرەی زانیارییەكانی بڵاو كراوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، 78 هاووڵاتی کوژران و 320 کەسی دیکەش برینداربوون، لە نێویاندا بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی هەن.


































































