سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیلیان بۆسەر ئێران تاوتوێ کرد.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، “وێڕای سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر وڵات، سەرەخۆشیی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل، زانای ئەتۆمی و بەرپرسانی سەربازیی ئێرانی کرد و هاوخەمیی بۆ حکومەت و گەلی وڵات دەربڕی”.
وەک میدیای ئێران دەڵێت، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئەم دەستدرێژییانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانن. رووسیا ئامادەی نێوەندگیرییە بۆ راگرتنی گرژییەکان.”
لای خۆیەوە مەسعود پزیشکیان سوپاسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و هاوخەمیی سەرۆکی رووسیای کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “رژێمی زایۆنی لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی حکومەتی چواردەیەمەوە بە تیرۆرکردنی “شەهید هەنییە” وەک میوانێکی فەرمیی وڵاتەکە، بەدوای دروستکردنی گرژی و فراوانکردنی پێکدادانەکانەوە بووە لە ناوچەکەدا”؛ روونیکردەوە: “کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە رایگەیاندووە کە بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئامادەیە لەوبارەیەوە دڵنیایی بداتە لایەنە یاساییە نێودەوڵەتییەکان.”
وەک میدیای ئێران دەڵێت، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: “دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بێگومان وەڵامی گونجاوی دەبێت.”