زاری كرمانجی- پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای کرد، پەرلەمانی کوردستان چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکات لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن و پێشنیارێک ھەیە تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک درێژ بکرێتەوە.
د. زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد، حەفتەی داھاتوو ھیچ کۆبوونەوەیەک بەڕێوە ناچێت، چونکە پەرلەمان چاوەڕێی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانە لە سەرۆکایەتیی ھەرێم، تا بەرچاوڕوونی ھەبێت لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان.”
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: “ھەر بڕیارێک بدرێت ئەوە بێگومان بە لایەنی کەم شەش مانگ پێویستە بۆ ئەوەی کۆمسیۆن ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن بکات.”
لەبارەی چارەنووسی خولی ئێستای پەرلەمان د. زێدان برادۆستی ڕوونی کردەوە: “ڕۆژی ٦ی ١١ کۆتایی بە خۆڵی ئێستای پەرلەمانی کوردستان دێت، بێگومان ھەڵبژاردنیش لە وادەی خۆی بەڕێوە ناچێت، پێویستە تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، پێشنیار ھەیە بۆ ماوەی ساڵێک خولی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی ئەوکات دەدرێت کە لایەنەکان ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری دەکەن”.