مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی عەرەب بڵاوی كردەوە سوودانی بێ هیوا بووە لە پشتیوانی نەكردنی كورد بە تایبەت لە دوای كێشەكانی ئەم دواییە و پرسی مووچە، بۆیە بە ناچاری پەنای بردووەتەوە بەر پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پێكهاتەی سوننەدا.
لە ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی عەرەب هاتووە “ماوەیەكی زۆر بوو سوودانی بۆ چارەسەری كێشەكانی پەنای بۆ كورد دەهێنا، بەڵام كێشەكانی ئەم دواییە و بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە پرسی مووچەوە، هەڵوێستەكانی لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی سەركردە كوردەكاندا نەبوو،”
دەشڵێت “لە ئەگەری لەدەستدانی كورد و قەرەبووكردنەوەی ئەو بۆشایییە، پەنای بردووەتەوە بەر پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پێكهاتەی سوننەدا.”
عەرەب جەختی لەوەش كردووەتەوە كە سوودانی لەبەردەم پرۆسەیەكی چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەدایە و كاتی لەبەردەستدا نەماوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەگژ ئەو لایەنانەدا بچێتەوە كە نایانەوێت جارێكی دیكە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دابنیشێتەوە .
سەردانە لەناكاوەكەی سوودانی بۆ پارێزگای ئەنباری سوننەنشین، بەبێ هەماهەنگی ئیدارەی خۆجێی و پارێزگاری شارەكە گومانەكەی زیاتر كردووە و ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە “سوودانی پەنای بردووەتەوە بەر پارێزگای ئەنبار و لەوێوە چالاكییە پێش هەڵبژاردنییەكانی ئەنجام دەدات و دەیەوێت پشتگیریی بكەن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران.”