ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران یارمەتی ئەو ئاژانسە نەدات بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی ماونەتەوە، ئەو دەزگایە ناتوانێت گەرەنتی سروشتی ئاشتیانەی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی هەروەها بە ڕەخنەگرتن لە هاوکاری نەبوونی ئێران لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە درێژەی بە نامەکە دا و جەختی کرد کە ئەو وەڵامانەی تاران بە پرسیارەکانی ئاژانس دایەوە لە ڕووی تەکنیکییەوە قبووڵ ناکەن.
گرۆسی لە ڕاپۆرتی خۆیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئاژانسەکە لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا گەردیلەی یۆرانیۆمی لە سێ شوێنی ڕاگەیەندراو لە ئێران دۆزیوەتەوە کە بریتین لە ڤارامین، مەریوان، و تورقووزاباد. گرۆسی هەروەها گووتیشی” ئێران هەوڵی پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی داوە كە ئاژانسەکە پرسیاری لەبارەیەوە دروست کردووە”. ئەم کارە، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دەزگاکە، چالاکییەکانی پشتڕاستکردنەوەی دەزگاکەی قورس کردووە. گرۆسی جارێکی دیکە داوای لە ئێران کرد کە دەستبەجێ هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکات و وەڵامی کاریگەرانەی ئاژانسەکە بداتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە پێی وایە ئێران تا سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ چالاکیی ناڤۆکی ڕانەگەیەندراوی هەبووە و ئەم کردەوانە بەشێکن لە بەرنامەیەکی ئەتۆمی سیستماتیک.
گرۆسی دەڵێت ئاژانسەکە ناتوانێت دیاری بکات کە ئایا ئەو ماددە ئەتۆمییەی کە باسی لێوە دەکرێت هێشتا لە دەرەوەی پارێزبەندییەکاندایە یان نا.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی هەروەها دەڵێت، کەڵەکەبوونی یۆرانیۆم بە ڕێژەیەکی زۆر و بە ئاستێکی بەرز دیاردەیەکی زۆر نیگەرانییە.