حسیبە سەعید گەردی
لە کۆنگرەی پارتی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان، نەتەوە و ئایینەکانی کوردستان بەشدارن، پارتییە دێرینەکان و دەیان ئەندامی دیکەی تازەی پارتی بەشدارن، کە هەموویان لە ژێر سەرۆکایەتی بارزانیدا لە کێبڕکێیەکی هاوچەرخ و دیموکراتیدا هەوڵی گەیشتن بۆ سەرکردایەتی پارتی دەدەن، کەسیش منەت بەسەر ئەوەی دیکە ناکات و کەسیش تانە لە هەڤاڵەکەی نادات، چونکە لە حیزبێکی دیکە هاتووەتە ناو پارتی، بەڵکوو ئەوەی هەمووان کۆ دەکاتەوە پارتایەتی و باوەڕ بوونە بە حیکمەت و ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی.
هەر بۆچوون و لێکدانەوەیەک بۆ کۆنگرەی چواردەی پارتیمان بکرێت، دەرەنجام هەر ئەوەیە کە پارتی وەک گەورەترین بزاڤی سیاسی نەتەوەیی و نیشتمانی دەبێت، بە گیان و وزەیەکی تازەوە شان بداتەوە بن ئامانجی گەورەی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و ئەو کاروانەی حەفتا و شەش ساڵە هێناویەتی لە ژێر شکۆ و حیکمەتی جەنابی سەرۆک بارزانی درێژەی پێبدات.
کۆنگرەی پارتی وەک ڕووداوێکی گرنگی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی چاوەڕوانی ئەنجامەکانی دەکرێ، بۆیەشە چاوی دونیای لەسەرە، چونکە گەورەترین هێز و بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە نوێنەرایەتی ئامانجی زیاتر لە چل ملیۆن کوردستانی دەکات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی.
ئەوەی پارتییەکان و کۆنگرەکەیان لە حیزب و لایەنەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، کۆنگرە مایەی پتەوترکردنی یەکڕیزی پارتیە و دووپات کردنەوەی وەفا و پێگیرییە بە ڕێبازی بارزانی نەمر، نیشاندانەوەی ئەو ڕاستەقینەیە کە پارتی ماڵی هەموو تێکۆشەرێکی کوردستانە، دووپات کردنەوەی ئەو گوتە بەنرخەی بارزانی نەمریشە:”هەموو کوردێکی باش پارتیە”.