ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: حكومەتی عێراق بۆ راگرتنی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ پێشێل كردنی دەستوور دەبات، دەشڵێت : بڕیاری حکوومەتی فیدراڵ دژی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی سیاسییە و وەزارەتی دارایی ئاڕاستەکراوە بڕیار دژ بە هەرێمی کوردستان دەربکات.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لە دیمانەیەكیدا گووتی: حکوومەتی فیدراڵ بۆ ڕێگریی کردن لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، پەنا بۆ پێشێلکردنی دەستووری عێراق دەبات.
روونیشیكردەوە ” مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ساڵ هاوشێوەی لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەم مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دارایی نییە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بەر لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوو مووچەی بەسەر یەکەوە و بێ هیچ کێشەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نارد.
شوان کەلاری لە بارەی بریارەكانی وەزارەتی دارایی روونیكردەوە ” لە ئەنجامی ئەو فەرمانانەی وەزارەتی دارایی بۆیان دێت، هەروەها ئەو پێشکەوتنانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، سەرباری هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بەڕووی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەوڵ دەدەن ڕێگە لە کوردستان بگرن ببێتە خاوەنی وزە و نەوت و سامانی سروشتی خۆی، بۆیە بە شێوەی نا دەستووری و یاسایی دەستییان بۆ مووچەی خەڵکی کوردستان برد، بەلای زۆرێک لە سیاسییە بە ویژدانەکانی عێراقیش، بڕیارەکە نا یاسایی و بێ ویژدانییە، هاوکات پێشێلکاریی کردنێکی ڕوونی دەستووری عێراقە”.