بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئێوارەی ئەمرۆ تاوەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان ببارێت و دەڵیت؛ پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ بەرزدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و دەڵیت؛ “ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک کات و شوێن دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و دوای نیوەرۆ لەناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات ئەگەرى تاوە باران هەیە”.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی دەشڵێت؛ “ئێوارە خێرایی با زیاتر دەبێت و پلەی گەرما لە نێوان یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزدەبێتەوە”.
لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای رۆژی سێشەممە 10ـی حوزەیران، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە رایگەیاند؛ “سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک ناوچە دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەلات ئەگەری نمە بارانێکی کەم هەیە”.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان سبەی رەشەبا نامێنێت و پلەی گەرما بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 39 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 37 پلەی سیلیزی
دهۆک : 38 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 39 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 38 پلەی سیلیزی
سۆران : 37 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 45 پلەی سیلیزی