زاری كرمانجی -سۆران:
لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا و 40 ساڵ بەر لە ئێستا لە هێرشێكدا بۆ سەر ئۆردوگای زێوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، 150 هاووڵاتی هەرێمی كوردستان شەهید و 373 كەسیش بریندار بوون.
لە 9ی حوزەیرانی 1985 ئۆردووگاكە لەلایەن هەشت فڕۆكەی ڕژێمی بەعسی عێراق بۆمبارانكرا، بەهۆیەوە 150 كەس كە 79 یان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 373 كەسیش برینداربوون، قوربانییەكان لە گۆڕستانێكی نزیك ئۆردووگاكە بە خاكسپێردران.
دوای بۆردومانەكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆك بارزانی لە شوێنی رووداوەكە ئامادەبوون و هاوكاری كەس و كاری شەهیدانیان دەكردو یەكە یەكەی بریندارەكانیان لە نەخۆشخانە بەسەركردەوە.
سەرۆك بارزانی، لە لاپەڕەی 284 تا 290ی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)دا بەوردی باسی لەو بۆردومانە كردووە و دەنووسێت: ڕۆژی 9ی حوزەیرانی 1985، ڕۆژێكی ڕەش بوو لە مێژووی گەلەكەماندا و یەكێكە لەو ڕۆژانەی هەرگیز لە یاددا ناسڕێتەوە، لەو ڕۆژەدا ڕژێمی بەعس بە بۆردومانكردنی ئۆردوگای زێوە، دڕندەترین هێرش و گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێچەوانەی هەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكان كرد، كارەساتی زێوە خاڵێكی ڕەشی دیكەیە لە مێژووی تاوانبارانی بەعسدا، كاتژمێر 9:11 خولەكی بەیانی، چەندین فڕۆكەی دەسەڵاتدارە فاشیستەكانی بەعس، ئۆردوگای زێوەیان كردە ئامانجی بۆمبەكانیان و لە ماوەی چەند خولەكێكدا دەیان كەس لە منداڵ و ئافرەت و پیر و پەككەوتەیان خەڵتانی خوێن كرد.
سەرۆك بارزانی، وەكو ئەوەی لە كتێبەكەیدا باسی دەكات، لەگەڵ بیستنی هەواڵی بۆردومانی زێوە، سەردانی ئەوێ دەكات و دەڵێت: مەرگ باڵی بەسەر ئۆردوگاكەدا كێشابوو و كەم كەس توانای بینین و خۆڕاگرتنی لە ئاست تراژیدیاكەدا هەبوو.
ئەو كارەساتە زۆر كاریگەریی لەسەر سەرۆك بەجێ هێشتووە، بۆیە بە فراوانی باسی دەكات و بینیویەتی كە دەیان ئافرەت و پیر و منداڵ شەهید بوون و سەر و دەست و قاچیان تێك ئاڵابوو، دەنووسێت: تا كاتژمێر 7ی ئێوارە كە خۆی لە گۆڕستان بووە، 89 كەسیان هێناوە و شاردوویانەتەوە و 160 كەسی تر، بەمەبەستی چارەسەركردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ كراون.
سەرۆك بارزانی هەموو ئەو كەسانەی لەوێ شەهید و بریندار بوون، بە قارەمان وەسف دەكات، بەڵام وەك بەسەرهاتێكی جیاواز باس لە ئامینە خان دەكات (هاوسەری شەهید ناجی بەگ بیرۆخی و دایكی چوار شەهید و خوشكی سێ برای شەهید) و دەڵێت، بەلای ئەوەوە چیرۆكی ئەو ئافرەتە قارەمانە شتێكی جیاواز بووە و هەرگیز لە بیرەوەرییەكانیدا ناسڕێتەوە و بۆ تاهەتایە لە یادەورییدا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە ئامینە خان، سەرۆك بارزانی دەنووسێت: ”ئەو شێرەژنە خۆڕاگرە پارچە گۆشتی دوو كوڕ و نەوەیەكی لە كیسەیەكدا كۆ كردبووەوە، كاتێك چاوم پێی كەوت، خۆم پێ نەگیرا، كەچی هاتە لام و باوەشی پێدا كردم و گوتی (نامەوێت بە چاوی گریانەوە بتبینم، هەموویان بە قوربانت بن، دوو كوڕم ماون، ئەوانیش بە قوربانی كوردستان بن).
سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا سوپاسی هەڵوێستی خەڵكی گوندەكانی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، چونكە لە ساتی یەكەمی بۆردومانەكەدا، بە جارێك ڕژاونەتە ئۆردوگا و درێخییان نەكردووە لە هەموو جۆرە هاوكارییەك و دەرگایان بەڕووی خەڵكی لێقەوماودا كردووەتەوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كردوون.
سەرۆك بارزانی، لەبارەی بۆردومانی زێوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: “ئەو ڕۆژەی كارەساتی زێوە ڕوویدا یەكسەر گەیشتمە شوێنی ڕووداوەكە، هیچ رۆژێك لەسەرم دەرباز نابێت ئەو دیمەنانە نەیەنەوە بەرچاوم كە بینیم، منداڵم بینی لاشەی بووەتە دوولەت، منداڵ هەبوو سەری ببووە دوو لەت بۆردومانی زێوە كارەساتێك بوو وەسف ناكرێت”.
لەو ڕۆژە خوێناوییەدا سەرۆك بارزانی بەڵێنی داوە كە تۆڵەی خوێنی ئەو شەهید و بێتاوانانە لە ڕژێمە دژەمرۆڤایەتییەكەی بەعس بكەنەوە و بەردەوام بن لەسەر خەبات و تێكۆشان تا ڕزگاریی گەلی كوردستان.
هەر لە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)دا، سەرۆك باس لە بۆردومانێكی تری ڕژێمی بەعس دەكات كە ئەویش لە ڕێكەوتی 1//7/1985دا هەر كراوەتە سەر ئۆردوگای زێوە و لەو هێرشەدا هەڤاڵ دەسكۆ ئەحمەد ئیسقەیلی (ئەندامی لیژنەی ناوچەی زیوە)، شەهید بووە و 9 كەسی تریش بریندار بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆردوگا چۆڵ كرابوو، ژمارەی قوربانییەكان كەمتر بووە، ئەگەرنا وەكو ئەوەی سەرۆك باسی دەكات، بۆردومانەكە لەوەی یەكەم زۆر توندتر و قورستر بووە.