ن/ كارێز رەسول
كشتوكاڵ : بریتییە لە ئەنجامدانی گشت ئەو چاڵاكیانەی كە مرۆڤی جێگیر لەسەر زەوی ئەنجامی دەدات ، بە مەبەستی بەرهەم هێنانی بەرووبوومی ڕووەكی و ئاژەڵی و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان و باشتركردنی لە ڕێگای بەكارهێنانی زەوی و بەخێوكردنی ئاژەڵ .
ئەگەر لە ڕووی زمانەوانییەوە بڕوانینە وشەی كشتوكاڵ بەمانای ( كێڵانی زەوی) یاخود ( بایەخدان بەزەوی) دێت، ئەم وشەیە لە زمانی ئینگلیزیدا (Agriculture) لە دووبڕگە پێكهاتووە (Agri) بە مانای كێڵگە دێت (Culture) بە مانای كێڵانی زەوی یان بایەخدان بە زەوی دێت .
ئەم زاراوەیە تایبەتمەندی خۆی هەبووە لە كاتی دیاریكراودا ، چونكە لە ئێستا بیرۆكەی كشتوكاڵ چەندین لایەنی تریش دەگرێتەوە جگە لە چاندنی دانەوێڵە بەخێوكردنی ئاژەڵ ، گرنگیدان بە سامانی ماسی ، دارستانەكان هتد .. ، پیشەی كشتوكاڵ بە یەكێك لەو پیشانە دادەنرێت كە مرۆڤ لە كۆنەوە دەستی پێكردووە لە هەرێمە جیاوازەكان لە ڕووی (تۆپۆگرافی) بەرزی و نزمی ، ئاوهەوا و ڕێژەی دانیشتوان ، بەپێ ئەو بەڵگە زانستیانەی كەهەن دەرخەری ئەوەن كە بیرۆكەی سەرهەڵدانی كشتوكاڵ دەگەڕێتەوە بۆ (7000 ساڵ پ . ز) كە گەنم و جۆ لە گرینگترین ئەو بەروبوومەكشتوكاڵیانە بوونە بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی نزیك بوونە لە ڕووبا و ڕووبەرە ئاویەكان وەك : ڕووباری نیل ، دیجلە و فورات ، سەند لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ژێر ڕۆشنای ئەمەشدا كە هەرێمی كوردستان خاكێكی زۆر بەپیت و ئاوهەوایەكی گونجاوی هەیە بۆ چاڵاكی كشتوكاڵی ، بەڵام لە هەمان كاتیشدا كۆمەڵە هۆكارێك هەن كە بوونەتە گرفتی گەورە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا لە بەردەم چاڵاكی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان :
١- كەمی ئەزموون و شارەزای جوتیارەكان واتە بەشێكی زۆری جوتیاران لەسەر ڕێبازی كۆنی باب و باپیران درێژەیان بەم چاڵاكیە داوە .
٢- نەبوونی ئامێر پێشكەوتوو و سەردەمیانە و بەكارهێنانی لەم چاڵاكیەدا .
٣- كەمی سەرمایەی پێویست لەلایەن جوتیاران و هاوكارینەكردنی لایەنی پەیوەندی دار لە ڕووی ماددی و مەعنەوی
٤- نەبوونی ئامێری سارد كەرەو لە عەلوەكان .
٥- هاوردەكردنی بەروبوومی وڵاتانی دراوسێ و فرۆشتنەوەیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەمەش ئاستەنگی دروستكردووە لە ساغ نەبوونەوەی بەرووبوومی نێوخۆی
٤- كەمی كارگە بۆ وەرگرتنی بەروبوومی جوتیاران .
٥- كەمی بەندا و نەبوونی بڕی ئاوی پێویست بۆ بەروبوومە كشتوكاڵیەكان .
٦- خراپی ڕێگا و بان كە ئاستەنگی زۆری لەبەردەم گواستنەوەی بەروبوومەكان بۆ بازاڕ دروستكردووە .
٧-نەخۆشییە كشتوكاڵییەكان كە كاریگەری نەرێن و خراپی لەسەر بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان دروستكردووە .
٨- جێبەجێ نەكردنی ڕێگای زانستی و سەردەمی بۆ وەبەرهێنانی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان .
٩- نەبوونی میكانزمێكی گونجاو لە بازاڕەكاندا بۆ وەرگرتن و ساغكردنەوەی بەرووبوومەكان .
لە ئێستادا سەرچاوەی سەرەكی داهات لە هەرێمی كوردستان بریتیە لە داهاتی (نەوت) بۆیە دەكرێت بیر لە بەرەوپێش بردنی كەرتی كشتوكاڵ بكرێتەوە لە ئێستادا بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ ئەوەی داهات لە ڕێگای ئەم كەرتە گڵ بدرێتەوە .