مەهدی محەممەد – زارى كرمانجى :
هەڵمەتی دەستگیركردنی كۆچبەرە نایاساییەكان، ناڕەزایی و پشێوی بەدوای خۆیدا هێنا و دوای ئەوە هاووڵاتییانی لۆس ئەنجلیس ڕژانە سەر شەقامەكان و بە خۆپیشاندانێكی فراوان ڕەخنەیان لە هەڵمەتەكانی ڕاوەدوونان و دەستگیركردنی پەنابەران گرت و ترەمپ یش بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكانی پاسەوانی نیشتمانی ڕەوانەی ئەو شارە كرد .
كارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا ڕەخنەی لە بەرپرسانی ویلایەتی كالیفۆرنیا گرت كە سەر بە دیموكراتەكانن و بە بەرپرسانی لاواز ناوی بردن كە وەك پێویست كاریان بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان نەكردووە و دەشڵێت “بە فەرمانی سەرۆكی ئەمەریكا، دوو هەزار ‘پاسەوانی نیشتمانی’ بۆ جڵەوكردنی خۆپیشاندانە نایاسایییەكان، دەنێررێنە كالیفۆرنیا.”
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو، شەڕ و پێكدادانی گەورە لە نێوان دانیشتووانی لۆس ئەنجلیس ی سەر بە ویلایەتی كالیفۆرنیایە لەگەڵ هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیی سەر بە فەرمانگەی كۆچ و گومرگ ڕوویداوە .
لە ئامارێكدا، میدیای ئەمریكا ئاشكرای دەكات لەم هەفتەیەدا 118 كەس لە لۆس ئەنجلیس دەستگیركراون،
هاوكات جاڤیم نیۆسۆم حاكمی كالیفۆرنیا، هەڵمەتی دەستگیركردنی كۆچبەرە نایاسایییەكان ئیدانە كرد و هەڵمەتەكەشی بە “توندوتیژ” ناوی برد.