“لە ئیدارەی سۆران بەهۆی سەختی و بوونی ناوچەی شاخاوی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر سەختە”
ڕاپۆت-محەمەد هەسنانی
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، ڕووداوی ئاگر كەوتنەوە ڕوودەدەن و بەوهۆیەوە زیانی زۆر بە پوش و پاوان و دارستان دەگات و ڕووبەرێكی زۆر دەسووتێت، بەتایبەتیش ناوچەیەكی وەك ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە شاخاوی و سەختە زۆرجار كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی سەخت دەبێت.
چالاكوانانی ژینگەپارێزی و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، لەم ڕووەوە ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدەن و داوكاریشن لەكاتی گەشت و سەیران یان هەركارێكی دیكە كە ئاگر هەڵدەكەن، شوێنەكە گونجاو بێت بۆ ئەوەی لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچێت، هەروەها لە دوای خۆیان ئاگرەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكەن، نەوەك دواتر سەر هەڵبداتەوە.
جابر وەسمان برادۆستی، چالاكوانی ژینگەپارێزی لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: لە ئێستادا بەرەو وەرزی هاوین دەچین و ناوچە شاخاوییەكانی سنوورەكەش گیا و پوشی زۆری لێیە كە بە كەمترین ئاگر گڕدەكرێت و دەكرێت چەندین دۆنم پاوان و دارستان دەستووتێ و زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت، هەرچی دار و درەختە لەناوی دەبات و زیندەوەرەكانیش قڕ دەكات، ڕێنمایمان وەك چالاكوانی ژینگەپارێزی بۆ خەڵك ئەوەیە هەرگیز ئاگر لەم جۆرە شوێنانە نەكەنەوە كە گیاو پوشی زۆرە، چونكە دواتر پێیان كۆنتڕۆڵ ناكرێ و ئاگرەكە تەشەنە دەكات و كارەساتی ژینگەیی لێ دەكەوێتەوە.
دەشڵێت: داواكاریشین پاشماوەی جگەرە فڕێ نەدەن تاوەكو دڵنیا نەبن بە تەواوی كوژاوەتەوە، چونكە جگەرەیەك دەكرێت كارەسات بنێتەوە، جگە لەوەی جووتیارێكی زۆر گەنم و جۆی چاندووە ئەگەر هۆشیار نەبین لەكاتی گەشت و كاركردندا ڕووداوی سووتانی لێدەكەوێتەوە، پێویستە ئەو كەسانەی ئاگر دەكەنەوە بەمەستی چا لێنان و یان خواردەمەنی و هەرشێتكی دیكە، شوێنێكی گونجاو بێت بۆ ئەوە مەبەستە، دوای تەواو كردنی كارەكەش ئاگرەكە بەتەواوی بكوژێنەوە بۆ ئەوەی دواتر سەرهەڵنەداتەوە.
ئەو چالاكوانەی ژینگەپارێزی: نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە ساڵانە بەهۆی بێباكی كەسانێك و هەست نەكردنیان بە بەرپرسیاریەتی ئاگر لە زۆر شوێن و ناوچە دەكەوێتەوە و بە هەزاران دۆنم پۆش و پاوان و دارستان دەسووتێت و چەندان زیندەوەر لەناو دەچن، جگەلەوەش تیمەكانی بەرگری شارستانی و ژینگەپارێزان و هاووڵاتییان هەوڵ و ماندووبوونی زۆر دەچێژن، تا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ دەكەن، تەنانەت زۆرجار كارمەندان و هاووڵاتییان بەم هۆیەوە دەبنە قوربانی و جستەیان دەسووتێ یان بەهۆی دووكەڵەوە ژهراوی دەبن و زیانی زۆریان بە جەستە دەكات”.
لای خۆیەوە عەقید كاروان میر ئاودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: جگە لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، بنكەی بەرگری شارستانی سۆران، لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی سنوورەكەمان كراونەتەوە، بۆ هەر ڕووداوێكی نەخوازراو لەپێناو زۆرتر بە هاناوەچوونی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی ڕووداوەكان”.
ئاماژەی بەوەشدا: بەشێوەیەكی بەردەوام ڕێنمایی بۆ هاووڵاتییان بڵاودەكەینەوە، لەسەر ڕووبار و شوێنە گشتییەكانیش پەیامی هۆشیاری بۆ هاووڵاتییان هەڵواسراوە، بۆ ئەوەی دووچاری ڕووداوی گیانی نەبنەوە هیوادارین هەموولایەك پابەندبێت لەپێناو سەڵامەتی گشتی، وەك دیاریشە لە ئێستا بەرەو وەرزی هاوین و گەرما دەڕۆین، ساڵانە لەم وەرزانەدا ڕووداوی ئاگر كەوتنەوە ڕوودەدەن، زۆرجاریش بەهۆی هەڵكەوتەی ناوچە شاخاوییەكان، كۆنتڕۆڵكردنی بۆ تیمەكانمان ئەستەم دەبێت”.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، داواكارە لە هاووڵاتییان لە ماڵ و دوكان و دەرەوەش ڕەچاوی ڕێنماییەكانی بەرگری شارستانی بكەن، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ئەوەی كە خودا نەخواستە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە دروست بێت و زیانی گیانی و ماڵی لێ بكەوێتەوە، تەنانەت هەر لەم ماوەیەدا چەندین ڕووداوی ئاگر كەوتنەوە لە پوش و پاوان و ماڵی هاووڵاتییان و شوێنە گشتییەكان كەوتووەتەوە و زیانی زۆری بەدوای خۆیەوە هێناوە، بۆیە ئەركی هەموو لایەكە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و خۆیان لە بێباكی بەدووربگرن و بۆ ئەوەی زیانی گەورە بەدوای خۆیانەوە نەهێنن”.