“بێزاری دایک و باوک منداڵ تووشی ناجێگیری دەروونی دەكات”
ئا/ نازەنین كوێخا هەمزە
توێژەری كۆمەڵایەتی
هەموو دایک و باوکەکان دەزانن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان لە تەمەنی گەورەییدا کێشەی و ململانێی دەروونی کەمتری هەبێت، پێویستە تەمەنی منداڵییان بە باشی و ڕێکوپێکی بەسەر بەرن. یەکێک لە کارە دروستەکان دابینکردنی دڵخۆشییە بۆ منداڵ و دارشتنی پلانی وا هەمیشە دڵخۆش بێت و زۆر چێژ وەربگرێت بۆ ئەوەی لە تەمەنی گەورەییدا کێشەی دەروونی کەمتری هەبێت و باشتر بەرگەی سەختییەکانی ژیان بگرێت.
هەندێک لە دایک و باوکان بەهۆی لاوازی هۆشیاری و نەبوونی شارەزایی پێویست و هەڵسوکەوتی هەڵە، ژیان لە منداڵەكانیان قورس، ناخۆش و بێزارکەر دەکەن.
یەکێک لەو بابەتانەی دڵخۆشی لە منداڵ دەسەنێتەوە دەمارگیری و شەڕانگێزی بەردەوامی دایك و باوكانە و بەهۆیەوە منداڵان دڵخۆش و زیندوو نابن و هەمیشە ترسیان لە روودانی رەفتارێكی توندوتیژ و نیگەرانكارە.
هەر چەندە دایک و باوکان لە ئەنجامی خراپی ئەو رەفتارانەیان ئاگاریش دەكرێنەوە، و هەوڵ دەدەن هەڵسوكەوتیان چاك بکەنەوە. بەڵام پاش ماوەیەك دووبارەی دەكەنەوە و بیانووی جیا بۆ ئەو كردارەیان دەدۆزنەوە، لە كاتێكدا ناکرێ بە هیچ شێوەیەك منداڵ بەردەوام بەر توڕەیی و شەڕانگێزیان بکەوێت.
هاوار كردن لەسەر منداڵ، میوان، دراوسێ، هاوکار و هاوڕێ و توڕە بوون بە بەرچاوی منداڵەكانتانەوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەروونی دەبێت جا بیانوو هەرچی بێت كارێكی گونجاو نییە. پێچەوانەی رەفتار و هەڵسووكەوتی شەڕانگێزی و رەخساندنی ماڵێكی ئارام و خۆش لە لای منداڵ وەك شوێنێکی سەلامەت و دڵنیاكەرەوە دەبێت.
چارەسەر بۆ پەروەردەکردنی منداڵێکی باشتر و بەختەوەرتر
شتێکی تر کە منداڵ دڵخۆش ناکات و ژیانی بۆ باش نابێت، خەمۆکی و بێزاری بەردەوامی دایک و باوکە. ئەو منداڵانەی داوای کار، یاری، قسەکردن و هەر شتێكی دیكە دەكات و ماندو بوون و بێزاری دەكەنە هۆكاری بەپیرەوە نەچوونی ئەم داوایە، منداڵی نائارام و خەمۆک دینیتە ئاراوە و دڵنیابە فێری هەمان ڕەفتارە دەبن و لە تەمەنی گەورەییدا بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ خۆتان دەکەنەوە، تەنانەت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مۆڕاڵ و ژیان و دڵخۆشی و زیندووییان دەبێت. بۆیە ئەگەر لە ئاست منداڵەكانتان كەسێكی خەمۆکیت خێرا بیر لە چارەسەرێك بکەوە، لەبەر ئەوەی لە هەموو دۆخیكدا پێویستە بە سەبرێكی زۆرەوە كاتت بۆ منداڵەکەت هەبێت.
بەپێی ئارەزوو، توانا و بەهرە پلان و ئامانجێک بۆ منداڵەکانتان دابنێن
منداڵانی بێ ئامانج و نابەرپرس کە بەردەوام لە ماڵەوەن یا بەتەنهایی یاری و سەیر تەلەفزیۆن و خەریكی موبایلن، تووشی خەمۆکی دەبن و بەرە بەرە ژیان بۆیان بێزارکەر دەبێت. پێویستە ئامانج بۆ منداڵەکانتان دابنێن و بەپێی بەرژەوەندی منداڵەکە بیانخەنە سەر ڕێگای ڕاست.
دۆزینەوەی بیانوو بۆ منداڵ بەناوی کارمان هەیە، دەچین بۆ شوێنێک، دەمەوێت خواردن لێنێنم، یا زۆر سەرقاڵن و کاتیان نییە بۆ کارلێککردن و داواکاری منداڵان، دەبێتە هۆی ماندوو بوونی و خۆشی ژیانی لێ دەسەننەوە، لەبەر ئەوە هەوڵبدن لەگەڵ منداڵەکانتان تێكەڵ بن و بەردەوام لە گفتوگۆ كردن دابن، چونکە لە داهاتوودا تەنها منداڵەکەت باش یا خراپ دەبێت ئەمەش كاریگەری لەسەر ژیانی خێزان و بنەماڵەش دەبێت، لەبەر ئەمە هەوڵ بدە منداڵێکی دڵخۆش و تەندروست پەروەردە بکەیت.
کۆنتڕۆڵکردنی منداڵ دەبێتەهۆی ماندوو كردن و ژیانی تاڵ دەکات، ئەو دایک و باوکانەی هەموو شتێک لە نێویشاندا منداڵ زۆر کۆنتڕۆڵ دەکەن و بەردەوام دەیانەوێت دۆخەکەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بێت، رەنگدانەوەی لەسەر رەفتار و چۆنییەتی بیر كردنەوەی منداڵان دەبێت، بەكار هێنانی دەستەواژەی بەردەوامی دەست لەم شتە مەدە، ئەوە مەکە، مەڕۆ بۆ ئەوێ، مەڕژێنە، یاری پێ مەکە، دەستەکانت بشۆ و كۆمەڵێك بابەتی هاوشێوە ژیانیان بۆ قورس دەکەن و تێڕوانینیان بۆ هەموو شتەكانی دەورووبەریان نامۆ دەبێت.
پشت بەستن بە بابەتی سەرەوە بۆمان رووندەبێتەوە كە دایک و باوکێکی زۆر جدی و دەمارگیر کە هەمیشە شەڕ و هاوار لەسەر منداڵەکانیان دەکەن و بەردەوام لە ماڵ هاوار و شەڕانگێزی هەیە، یا لەگەڵ منداڵەکانیان شەڕ دەکەن و دەستەواژەی ناشیرین و قسەی خراپ بەكار دەهێنن، بە دەنگێکی خۆبەزلزان و بەرز قسە دەکەن، دەبێتە هۆی پەروەردە كردنی منداڵێکی بێ ئارام، دوور لە شادی و ژیانێكی بەرتەسكی تاڵ.
واتە بە فێربوونی شتە بچووکەکان و ئەنجامدانی ڕێگاکانی دڵخۆشکردنیان دەتوانین منداڵێکی تەندروست و بەختەوەر پەروەردە بکەین، بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان وەربگرن، بۆ ئەوەی لە تەمەنی منداڵی و گەورەییدا تووشی کێشەی دەروونی نەبێت، تاكێكی بەسوود بێت بۆ خۆی و خیزان و كۆمەڵگەش.