جۆن دوران، ئەستێرەی یانەی نەسڕ و هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا، دوای یەکسانبوونی هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی پێرو، شەڕیکردووە و لە راهێنەر و چەند یاریزانێکی هەڵبژاردەکەی داوە، کە یەکێکیان خامیس رۆدریگێزی یاریزانی پێشووی ریال مەدریدە.
دوێنێ، هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا لە یارییەکی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2026، رووبەڕووی هەڵبژاردەی پێرو بووەوە، سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا، هەڵبژاردەکە سەرکەوتوو نەبوو لەوەی لە ئەنجامەکە پێشبکەوێت و یارییەکە بەئەنجامی 0-0 کۆتاییهات و هەردوو هەڵبژاردەکە بە خاڵێکەوە لە یارییەکە هاتنە دەرەوە.
چەند سەرچاوەیەکی کۆڵۆمبی ئاشکرایان کردووە، دوای ئەوەی یارییەکە تەواو بووە و یاریزانەکان گەڕاونەتەوە ژووری جلگۆڕین، کێشە و گرژی روویداوە و ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی و هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا، جۆن دوران، هاواری بەسەر یاریزانەکان کردووە و قسەی نەشیاوی پێگوتوون و بە دەستەکانیشی جوڵەی نەشیاوی کردووە، نێستۆر لۆرێنزۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا، هەوڵیداوە دوران هێوربکاتەوە، یاریزانەکە زیاتر تووڕە بووە و ملی راهێنەرەکەی گرتووە و لەپێش هەموو یاریزانەکان بە جلەکانی رایکێشاوە.
بەپێی سەرچاوەکە، خامێس رۆدریگێز، کاپتنی هەڵبژاردەکە و ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، ویستوویەتی نێوەندگیری بکات و شەڕەکەیان رابگرێت، دوران لە خامێسی داوە و کەوتووە، دوای ئەوە، جیفێرسۆن لێرما، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەکە چووەتە پێش و دورانی راگرتووە و شەڕەکە وەستاوە.
تووڕەیی دوران پێدەچێت لەبەر ئەوە بێت کە راهێنەری هەڵبژاردەکە، لە خولەکی 45 گۆڕانکاری پێکردووە و ئەوەش یاریزانەکەی تووڕە کردووە.
کۆڵۆمبیا بەو یەکسانبوونە، بەکۆکردنەوەی 21 خاڵ، لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی پاڵاوتنەکان دێت و چوارشەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێتەوە.
لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال، پلەی یەکەم تاوەکو پلەی شەشەم، بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، پلەی حەوتەم سەردەکەوێت بۆ پاشکۆی نێوان کیشوەرەکان.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، تاکە هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوورە، گەیشتنی بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر کردبێت.