دیمانە – زاری كرمانجی:
سۆران وەك یەكێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ناوەندێكی گرنگە بۆ چالاكییە وەرزشییەكان، بەڵام ئاستی بەشداری ئافرەتان لە وەرزشدا هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانكراو نییە بە گشتی لە كوردستان و بە تایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ڕێژەیەكی نزمە بێگومان ئەمەش هۆكاری كۆمەڵایەتی و كەلتووری و دارایی خۆی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیستا لە ڕابردوو باشترە و وردە وردە ژمارەی یاریزانەكانی كچ لە هەڵكشانە لە یانەی و تیپە وەرزشییەكانی تایبەت بە ئافرەتان.
سەبارەت بەم بابەتە ڕۆیا ئەحمەد یاریزانی تێنسی سەرزەوی بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بە شێوەیەكی گشتی ژمارە و ڕێژەی ئافرەتان لە نێو تیپ و یانە وەرزشییەكان وەك پێویست نیە، چونكە هیوای ئێمە زیاترە لەوەی ئێستا هەیە، بێگومان بەشێكی زۆر ئافرەتی بەهرەدار هەیە و توانای وەرزشی بەرزیان هەیە لە چەندین یاری جیاواز دا لەم سنوورە بۆیە پێویستە پشتگیری بكرێن و دەرفەتی وەرزشییان بۆ بڕەخسێندرێت و پلانی درێژخایەن هەبێت بۆ یاریزانە ئافرەتەكان لەم دەڤەرە بۆ ئەوەی لە ئایندە زیاتر لە گۆڕەپانە وەرزشییەكاندا ببیندرێن.
هەروەها ڕۆیا گوتیشی، پێویستە وەرزش بە كەلتوور بكرێت و لە چوارچێوەی وشەی شەرمە و عەیبە نەڕوانینە وەرزش و بەڵكو بە چاوی تەندروستی و پێشكەوتن سەیری ئەم سێكتەرە گرنگە بكرێت، و ژینگەی لەبار و شیاو بۆ ئافرەتان دیاری بكرێت بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان كاتی بەتاڵی خۆیان بە وەرزش سەرقاڵ بكەن.