ئەو ئەنجوومەنە پەیوەندییەكی بەهێزتر لە نێوان قوتابخانە، خێزان و كۆمەڵگە دروست دەكات
هیڤی عومەر -زاری كرمانجی
یەكێك لە خاڵە گرنگەكان لە بواری پەروەردە و فێركردن، ئەنجوومەنی بەخێوكاری قوتابییە، بۆ دروست كردنی پەیوەندییەكی بەهێزتر لە نێوان قوتابخانە، خێزان و كۆمەڵگە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، بۆ ئەندام بوون لە ئەنجوومەنی بەخێوكاران هەبوونی بڕوانامە مەرج نییە.
شەیبا كەرەم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی دێلزیانی وێژەیی كچان، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ئەنجوومەنی بەخێوكاران ڕایەڵەیەكی زۆر گرنگە و پێویستە هەبێت بۆ دروست كردنی پەیوەندییەكی بەهێزتر لە نێوان قوتابخانە، خێزان و كۆمەڵگە، ئەمەش یەكێك بووە لە خاڵە گرنگەكان لە بواری پەروەردە و فێركردن، بەجۆرێك بەهۆی بوونی ئەم ئەنجوومەنەوە بەخێوكاران زیاتر ئاشنا بوون بە كێشە و كەموكورتییەكانی قوتابخانە و ئێستا ئەوان زۆر باش دەزانن چی لە قوتابخانە دەگوزەرێت.
ئەو بەرێوەبەرە، گوتیشی: بۆ ئەندام بوون لە ئەنجوومەنی بەخێوكاران هەبوونی بڕوانامە مەرج نییە، چونكە هەموو بەخێوكارێك بڕوانامەی هەبێت یان نا مافی ئەوەی هەیە ببێتە ئەندام و بەشدار بێت لەو پڕۆسەیە، چونكە ئەوە لەسەر توانای تێگەیشتنی كەسەكە دەمینێتەوە و ڕۆڵ دەبینێت لە پڕۆسەكە نەك پلەی خوێندەواری، بەڵام گەر بێت و بەخێوكەر خوێندەواری هەبێت یان لەناو خودی پڕۆسەكە بێت كاری ئەنجوومەن و چۆنیەتی هاوكاری كردنی قوتابخانە و ئەنجامدانی كار و چاڵاكییەكان ئاسانتر دەكات، ئەوەی زۆر گرنگە كەسەكە هەم بەخێوكارێكی خەمخۆر بێت، هەم دڵسۆزی كەرتی پەروەردە بێت و پەرۆشی هەبێت بۆ پڕۆسەكە گەر ئەم دوو خاڵەی تێدا بوو ئەوا سەركەوتوو دەبێت.
شەیبا كەرەم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی دێلزیانی وێژەیی كچان، زیاتر گوتی: وا باشترە ئەندامانی ئەنجوومەنی بەخێوكاران دایك و باوك بن، چونكە ناوی ئەنجوومەنی بەخێوكارانە كەواتە دەكرێت گەر قوتابییەك دایك و باوكی لە ژیاندا نەمابن، برا یان خوشك یان ئەو كەسەی بەخێوی دەكات ببێتە ئەندام و ڕۆڵی خۆی بە جوانی وەكو بەخێوكار ببینێت، بەڵام دەبێت تەمەنی گونجاو بێت و توانای بڕیاردان و یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی هەبێت واتە ناكرێت كەسێكی بچووك گەر نزیكی قوتابییش بێت ببێتە ئەندام، بەڵكو دەبێت كەسەكە پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بێت و توانای بڕیاردانی هەبێت.
هونەر دەسكۆ ئیبراهیم، بەڕێوبەری قوتابخانەی مێوكێی هاوڕێی بنەڕەتی لە سنووری بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر سەبارەت بە گرینگی ئەنجوومەنی بەخێوكارانی قوتابی، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: سەرەتا دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە دەكەم كە بڕیاریدا ئەو ئەنجوومەنە دابمەزرێت، ئەم ئەنجوومە پێش هەموو شتێك باری قوتابخانەكانی سووك كردووە، بەوەی كە هاوكارە بۆ قوتابخانە، لە هەر قوتابخانەیەك ئەم ئەنجوومەنە دانراوە كار ئاسانی كراوە بۆ كارگێری قوتابخانە، چونكە ئەنجوومەن ڕۆڵێكی گرینگ و كارا دەگێرێت لە هەموو بوارێكدا بەتایبەتی لە كێشەی قوتابی و قوتابخانە و مامۆستایان، كاریگەری باشی خستووەتە سەر ئاستی قوتابی هەم لایەنی زانستی و پەروەدەیی و هەمیش كەموكورتییەكانی بینای قوتابخانە هاوكاربوونە، بۆیە ئەنجوومەن دەتوانێت تاڕادەیەكی باش كێشە كۆمەڵایەتییەكانی قوتابییان چارەسەر بكات، لە هەمان كاتدا ئەنجوومەن پردێكە لە نێوان قوتابی و دایك و باوكی و قوتابی و ستافی مامۆستایان لە قوتابخانەدا، هەروەها ئەنجوومەن دەتوانێت بەشداری كارای هەبێت لەناو لیژنەكانی قوتابخانەدا بەتایبەتی لیژنەی كواڵێتی و پەرەپێدانی قوتابخانە.