بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەنگدانەوەی ناوخۆیی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا و رۆژنامەنووسان و سیاسییە دیارەكانی عێراق دژی ئەم هەڵوێستەی عێراق بە دەنگ هاتوون و بە كارێكی نامرۆڤانە و نالۆژیكی وەسفی دەكەن.
ڕۆژنامەنووسی ناسراوی عێراقی ئەنوەر حەمدانی، لە لاپەڕەی (فەیسبووك)ی خۆی نووسیویەتی ” پەیوەندیم بە كێشەی سیاسیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵام سزادانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە بڕینی مووچەكانیان كە شایستەی هەوڵە و كارەكانیانە و بەشێكی سەرەكی گەلی عێراقن و ئێمەش لە ڕۆژانی جەژن و مانگی (ذي الحجة)ین، تاوانێكی ئابڕووبەر و بێشەرەفانەیە بۆ هەر بەرپرسێك كە دەستی تێدا هەیە.”
ڕوونیشی كردۆتەوە ” بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵكی بە گشتی و هەژار و كەمدەرامەتەكان دەبێت، ئەوانەی لەپێناو قووتی ژیانیانەوە ماندوو دەبن”.
زیاتر نووسیویەتی ”من كوڕی كوردستانم وەك چۆن كوڕی میللەتی عەرەبی و هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراقم، ئەركمە ببم بە دەنگیان و بەرگرییان لێ بكەم وەك چۆن بەرگریی لە رۆڵەی بەسڕە و زیقاڕ و میسان و بەغدا و ئەنبار و مووسڵ و هەموو پارێزگاكان و نەتەوەكانی عێراق دەكەم.”































































