سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند: بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، لەوانەش قەیرانە داراییەکان و کێشەکانی دیکە، هەرێم هێندە لاواز نییە وەکوو هەندێک لایەن بیری لێ دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-06-2025، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چۆنییەتی چارەکردنی، بڵاو کردەوە.
فارس عیسا ئاماژەی بەوە کردووە “بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، لەوانەش قەیرانە داراییەکان و کێشەکانی دیکە، هەرێم هێندە لاواز نییە وەکوو هەندێک لایەن بیری لێ دەکەنەوە، زۆر کارتی فشار و ڕێگای هەیە بۆ چارەسەرکردن، لەوانەش کارتی یاسایی و دەستووری، هەروەها هاوبەشەکانمان لە نیشتمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.”
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە “هەولێر چۆک دانادات.”
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو، تەیف سامی، وەزارەتی دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی چیدیکە ناتوانێت لە ناردنی پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوی ئەوەی بڕی پشکی دیاریکراوی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەی بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی و دەڵێت: “19.2 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەست نەکراوە.”
دوای هەفتەیەک هەوڵدان لە ڕێگە جیاوازەکان و دادگەی فیدراڵییەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ ناردنی مووچە لە پێش جەژنی قوربان کە ڕۆژی هەیینی داهاتووە، نییە.