ئەمڕۆ چوارشەممە 4/6/2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “دەستەی دەروازەکانی عێراق نایاساییە و تەنیا بۆ گەندەڵی دامەزراوە، خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی کاری خۆیان دەکەن، هەرێمی کوردستان سیستمێکی شەفاف و سەردەمیانەی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان هەیە کە بەشێوەیەکی یاسایی داهاتەکان کۆ دەکرێنەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە عێراق هەیە کە سیستمی دەروازە سنوورییەکان بە خراپی بەڕێوەبردن ناسراون.”
هەر لە ڕوونکردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە: “هێرشی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، گەندەڵی لە دامودەزگا فیدراڵییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پەلاماردانی کوردستان بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ لادانی سەرنج لەسەر شکستی ئیدارەدانی خۆیان.
































































