مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بە زاری كرمانجی داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەكان دەكات لە دەوری یەكتر كۆببنەوە و بە یەك سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانی ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و دەستدرێژییانەی حكومەتی عێراق ببنهوه كە دەیكاتە سەر خەڵكی كوردستان و دەشڵێت “پێویستە ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم كە سڕ كراوە بیجووڵێنین لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی كار بۆ سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بكەین.
مەخمووری لەبارەی كێشەكانی بەغدا دژ بە كوردستان دەڵێ “كێشەكانی نێوان بەغدا و كوردستان نوێ نین و ئەو كێشانە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تاكوو ئێستا بەردەوامبوونە و درێژەیان هەبووە، بەڵام شێوازی دژایەتییەكانی عێراق بۆ كوردستان گۆڕاوە، سەرەتا لە تۆپبارانكردن و سوتماك كردنی خاكی كوردستان دەستی پێ كردووە، دواتر لە ساڵانی هەشتاكان شاڵاوی ئەنفالەكان، بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی دژی خەڵكی كوردستان، وە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە ئێستادا ڕژێمی عێراق هەوڵی ئەوە دەدات كە سیاسییەتی برسیكردن بەرامبەر خەڵكی كوردستان بەكار بهێنێت، كەواتە حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی حكومەتی عێراق هەر یەكێكیان بە شێوەیەك دژایەتی خەڵكی كوردستانی كردووە”
دەڵێ “لە هەمووشی قێزەونتر حكومەتی ئێستایە كە سیاسییەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ دەكات، بەداخەوە حكومەتی عێراق حكومەتێكی نیشتمانی نییە، حكومەتێكی تائیفییە و ڕیمۆنت كۆنترۆڵی حكومەتی عێراق لە دەرەوەی سنووری عێراقە، بۆیە چۆنیان بوێت وا عێراق هەڵدەسووڕێنن و باش دەزانین كە ئەو زەختەی لە سەر كوردستان هەیە وڵاتانی دەوروبەر دەستیان تێدا هەیە و حكومەتی میلیشیی عێراقیش بەوە هەڵەیەكی ستراتیژی بەرامبەر خەڵكی كوردستان دەكات .”
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە بۆ چارەسەری هەموو ئەو كێشانەی هەن، پێویستە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە دەوری یەكتر كۆ ببینەوە و بە یەك سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانی ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و دەستدرێژییانەی حكومەتی عێراق ببینەوە كە دەیكاتە سەر خەڵكی كوردستان لەبەر ئەوەی دەستدرێژیكردن تەنیا بە شێوازی سەربازی نییە و بەڵكوو چەندین شێوازی هەیە لەوانە برسیكردنی خەڵك و پەراوێزخستنی لایەنە سیاسییەكان و بێ ڕۆڵكردنی كارەكتەرەكانی كوردستانە لە بەغدا،”
دەشڵێت “بۆیە بە قەناعەتی من باشترین كارێك كە بیكەین یەكرێزی و یەك دەنگیی هەموومانە و دوای ئەوەش دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین ئێمە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێننەوە، تاوەكوو عێراق بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئێمە بكات و ئێمەش لە پرۆسەی سیاسیی بمێنینەوە بە لاوازی سەیر دەكرێن، بۆیە پێویستە هەڵوێستێكی یەكگرتووی كاریگەرمان هەبێت، كە تف لەو سیاسەتەی عێراق بكەین و بتوانین بە یەك دەنگی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و لە تەواوی ئۆرگانەكانی عێراق بكشێنینەوە، ئەوە چارەسەری سەرەكییە و وە كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەین و هەوڵی ئەوەش بدەین كە ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم كە سڕ كراوە بیجووڵێنین لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی كار بۆ ئەم پرسە بكەین.”