زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەرایەتی سەلامەتی و تەندروستی زانكۆی سۆران بڵاوی كردووەتەوە: “تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی خۆجێیی مەترسیدارە، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات کە سەر بە خێزانی بۆنیاڤیریدایە و زیندەوەرێکی بچووک (گەنە) هەڵیدەگرێت و دەیگوازێتەوە. ئەم ڤایرۆسە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٤ لە کاتی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکی خوێنبەربوون لە ناو سەربازانی سۆفیەت لە کریمە دەست نیشان کرا، دواتر لە ساڵی ١٩٥٦ لە کۆنگۆ ڤایرۆسێکی هاوشێوەی دۆزرایەوە بۆیە ڤایرۆسەکە ناوی لێنرا تای خوێنبەربوونی کریمە- کۆنگۆ. ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا و بەلقان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیادا، ساڵانە زیاد دەکات و بڵاوە، ١٠٪-٤٠٪ ئەو کەسانەی تووشی ئەو ڤایرۆسە دەبن ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو: “خانە خوێییەکانی بریتین لە کۆمەڵە ئاژەلێکی کێوی و ماڵی وەک مانگا، بزن، مەر و باڵندەی وشتر مریشک، ئاژەڵەکان بە هۆی گەنەی هەڵگر تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، وە نزیکەی هەفتەیەک لە خوێندا دەمینێتەوە ئەمەش ڕێگە دەدات سوری گەنە- ئاژەڵ- گەنە بەردەوام بێت وهەڵگری سەرەکی ئەم ڤایرۆسە گەنەی جۆری هیالۆمایە.
ڕێگاکانی گواستنەوە:
١. مرۆڤ و ئاژەڵەکان لە ڕێگەی پێوەدان بە هۆی گەنەی هەڵگرەوە تووشدەبن.
٢. مرۆڤ بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن یان شانەی ئاژەڵی تووشبوو تووشدەبێت.
٣. لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە بە هۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەندامەکان و شلەکانی لەش بە تایبەتی خوێن.
٤ . هەندێکجار، مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو ئامێرە پزیشکییانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن لە نەخۆشخانەدا تووشدەبێت.
نیشانەکان:
١. ماوەی نێوان تووشبوون وە دەرکەوتنی نیشانەکان لە دوای پێوەدانی گەنە ١- ٩ ڕۆژ دەخایەنێت.
٢. ماوەی نێوان تووشبوون وە دەرکەوتنی نیشانەکان لە دوای بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن و شانەی ئاژەڵی تووشبوو ٥-١٣ڕۆژ دەخایەنێت.
دەرکەوتنی نیشانەکان لە ناکاوە و بریتین لەمانەی خوارەوە:
تا، ژانی ماسوولکە، سەرسوران، ڕەق بوونی شان و مڵ، پشت ئێشە، سەرئێشە، سووربوونەوەی چاو، هەستیاری بە رووناکی، دڵ تێکهەڵهاتن، رشانەوە، سکچوون، ئازاری سك و گەورە بوونی جگەر، دڵە کوتە، ئاوسانی گەروو وە لیمفە گرێیەکان، شین و مور هەڵگەرانی ڕووکەشە شانەکانی لەش وەک پێست و ناوپۆشی ناودەم. دوا بە دوای ئەم نیشانانە ئەگەری گۆرانی باری دەروونی هەیە، وەک خەمۆکی.
دەست نیشانکردن:
ڤایرۆسەکە بە هۆی کۆمەڵە شیکارییەک دەست نیشان دەکرێت لەوانە:
PCR, ELISA, Antigen-Detection, Virus Isolation by Cell Culture, Serum Neutralization
چارەسەر:
١. خێرا دەست نیشانکردنی نەخۆشیەکە بە مەبەستی چاودێری و ڕێگری کردن لە گەشەسەندنی نیشانەکان.
٢. تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێک و ڤاکسینێکی تایبەتی ڕێگەپێدراو بە ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە.
ڕێگاکانی خۆپاڕێزی و کۆنترۆل کردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە:
١. تاکە ڕێگا بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەبە هۆی گەنەوە بە کارهێنانی ماددەی قڕکەرە.
٢. خۆت بپاڕێزە بە لەبەرنەکردنی جڵ و بەرگی نیمچە ڕووت.
٣. هەوڵبدە جڵ و بەرگی ڕەنگ کراوە لەبەربکەیت تاوەکو بتوانی بە ئاسانی گەنەکە ببینی لەسەر جڵەکانت.
٤. ئەو کەسانەی کە بەرکەوتنی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ ئاژەڵان پێویستە کەڵ و پەلی خۆپاڕێزی بەکاربهێنن وەک دەستەوانە و ڕووپۆش.
٥. دووربکەوە لەو شوێنانەی کە گەنەکە زۆرە، بە تایبەت لەو وەرزانەی کە زۆر چالاکە.
٦. دووربکەوە لە سەربرینی نایاسایی.
٧. گرنگی بە پاک و خاوێنی ئەو چەقوو و تەختەیەی بۆ گۆشت بەکاردەهێنی بدە.
٨. دوای سەر برینی ئاژەڵ گۆشتەکە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە پلەی (٤-٨) سیلیزی هەڵبگرە و دواتر بە باشی بیکوڵێنە.
٩. دوور بکەوە لە کەسانی تووشبوو.
١٠. بە بەردەوامی دەستەکانت بشۆ، بە تایبەت لە کاتی مامەلەکردن لەگەڵ ئاژەڵان و چاودێری کەسی تووشبوو.
١١. ئەگەر کارمەندی تاقیگەی، بە وریایی مامەلە لەگەڵ نموونەی چارەخوازی گومان لێکراو بکە.
١٢. بە ڕێگەیەکی زانستی پاشماوەکانی ( ئاژەڵ دوای سەربرین، پاشەرۆی پزیشکی نەخۆش و نەخۆشخانە) فرێ بدە.
لە ئەگەری تێبینی کردنی ئەو نیشانانە و گۆمان کردنی تووشبوون لە خۆت و کەسانی دەوروبەرت ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە و پزیشکی پسپۆر بکە.