دارا فاروق، بەڕێوەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند “90 کۆمپانیایی “وەهمی” هەبوون، ئێمە توانیمان هەموو ئەو کۆمپانیایە نەهێڵین، لەبەر ئەوەی تۆمار نەکرابوون و کاری هێنانی کرێکاری بیانیان دەکرد.”
بەڕێوەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: ئێمە بەردەوام خول و ڕاهێنان و وانەی فێرکردن بۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە دەکەینەوە.
دارا فاروق كە لێدوانی بۆ ماڵپەری كوردستان 24 داوە زیاتر روونیكردۆتەوە: ئێمە هەماهەنگیمان هەیە بەپێی یاسای خۆمان، چونکە لەو یاسایە بڕگەیەک هەیە باس لەوە دەکات، کە دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، حکوومی و ناحکوومی لەگەڵ دەزگاکانی دیکە هەبێت، تاکوو بتوانرێت وەکو تیم کاربکرێت لەسەر ئەو بابەتە.
زیاتر روونیكرۆدتەوە: بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە ژمارە 28ـی ساڵی 2012، هێنانی کرێکار بە نایاسایی، تاوانی گەورەیە سزای پێبژاردنی تێدایە لەگەڵ بەندکردنی تاهەتایی و هەندێک حاڵەتیش هەیە دەگاتە سزای لە سێدارەدان.
دەشڵێت: زۆربەی ئەو کەسانەی بازرگانیان پێوەدەکرێت، ئاسیای و ئەفریقاییەکانن، کە وەک کرێکاری ناوماڵ دەیانهێنە کوردستان و بەڵێنی ئەوەیان پێ دەدەن کە دەیانبەنە دوبەی، ئیمارات، تورکیا یاخود ئەورووپا یان بە بیانووی ئەوەی پارەیەکی باشیان پێ دەدرێت، خۆیان لێرە دەبیننەوە.
دارا فاروق، ڕاشیگەیاند “ئەو بیانیانەی ڕزگارییان دەکەین، دەیاننێرینەوە بۆ وڵاتی خۆیان و زۆربەشیان لە ڕەگەزی مێین هەندێکی کەمیان نەبێت، لە ڕەگەزی نێرن.”