مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هەندێكیان كتێب بە هاوڕێ و هەندێكی دیكەشیان بە جیهانێكی تایبەتی پڕ لە زانیاریی و نهێنیی و بەشێكیشیان بە ئارامبەخش و مامۆستا ناوی دەهێنن. گەنجێك پێی وایە خوێندنەوەی هەر جۆرە كتێبێك سوودی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێتە هۆكارێك بۆ فێركردن و ڕۆشنبیربوون و هۆشیاركردنەوە و كرانەوەی زیاتری عەقڵ، گەنجێكی دیكە دەڵێ كتێب خوێندنەوە جیهانێكی تایبەتە و لە نێو ئەو جیهانەدا، هۆشیاری و ڕۆشنبیریی و پەروەردە بوونی هەیە و وەك مامۆستایەكی كارامەی یارمەتیدەر، وانەكانی فێركردن بە مرۆڤ دەدەن، بۆ ئەوەی ژیان و مرۆڤایەتی و دونیا بە شێوەیەكی تر ببینن.
“ كتێب خوێندنەوە بەگشتی هۆكارێكە بۆ فێربوون و هۆشیاری و كرانەوەی عەقڵی مرۆڤ بە ڕووی ژیاندا “
محەممەد ئەردەلان ئەحمەد، كتێب بە باشترین هاوڕێی ژیانی خۆی پێناسە دەكات و دەشڵێت “پێویستە بزانین كتێب جۆر و شێوازی زۆری هەیە، وەك كتێبی (مێژوویی و فەلسەفە و ئایینی و دەروونناسی و پزیشكی و ڕۆمان … هتد). خوێندنەوەی هەر یەك لەم جۆرە كتێبانەش سوودی زۆری هەیە و دەبێتە هۆی فێركردن و هۆشیاركردنەوە و كرانەوەی عەقڵی مرۆڤ بە ڕووی ژیاندا،”
محەممەد ئاماژە بەوەش دەكات كە “لە ئێستادا ڕێژەیەكی زۆر لە گەنجان كتێب دەخوێننەوە، بە تایبەتی خوێندنەوەی كتێبە (ئایینی و فەلسەفییەكان). چونكە بەشێكی زۆری گەنجان لە پێناو وەڵامە نەبیستراوەكان ناچارن پەنا بۆ ئەو دوو سەرچاوەیە ببەن، چونكە كتێبە ئاینی و فەلسەفییەكانی وەك (قورئان) و كتێبە فەلسەفییەكانی (سوقرات و ئەرستۆ و نیچە…هتد) دەكرێت یارمەتی دەرێكی زۆر بەهێز بن بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەی (من كێم ؟ دوای مردن چی ڕوو دەدات ؟ ئایا خودا هەیە ؟)، لە لایەكی تریشەوە خوێندنەوەی كتێبی ئایینی یان فەلسەفی دەبێتە ڕێگەیەك بۆ پرسیاركردن لەو شتانەی گەنج لەسەریان پەروەردە بووە، ئەمەش وا دەكات گەنجان ببن بە خاوەنی بیروڕای تایبەتی خۆیان.”
” خوێندنەوەی كتێب سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ ئارامبوونەوە و كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی دەروونی “
ئاواز یوسف ئەحمەد، خوێندنەوەی كتێب بە هۆكاری كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی دەروونی و دڵخۆشی و ئاسوودەیی ناو دەبات و دەڵێ “بۆیە كتێب دەخوێنمەوە، چونكە فشاری دەروونی كەم دەكاتەوە و دڵخۆشكەرە و لەگەڵ ئەوەشدا توانای بیركردنەوە ڕێك و دروست دەكات،”
ئاواز خۆی بە خوێنەرێكی باش دەناسێنێت و قسە لەسەر ئەوەش دەكات كە حەز بە خوێندنەوەی هەموو جۆرە كتێبێك دەكات، بۆیە دەڵێ “خوێندنەوەی هەر جۆرە كتێبێك، سوودی تایبەتی خۆی هەیە، زۆر جار حەزم لە سەرچاوە و جۆری كتێبێك نەبووە و بە ناچاری پەنام بۆ خوێندنەوەی بردووە، بەڵام دواتر خودی ئەو كتێبە سوودێكی زۆری پێ گەیاندووم، بۆیە لەو كاتەوە تا ئێستا هەرچی كتێبێك جا لە ژێر هەر ناونیشانێك بێت بكەوێتە بەردەستم دەیخوێنمەوە،”
دەشڵێت “كاتێك كتێبێكی زانستی و تەكنۆلۆژیا دەخوێنمەوە، باشتر لە جیهانی تەكنۆلۆژیا تێ دەگەم، كتێبی فەلسەفە و ڕەخنەی فكری دەخوێنمەوە، بۆ ناسینی بیرۆكە جیاوازەكان هاوكاریم دەكات، ئەدەبیات دەمباتە ناو جیهانی خەیاڵ و زیاتر تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ، مێژوو و كۆمەڵناسی هاوكاریم دەكات ئاسانتر لە ڕەفتاری مرۆڤ و وانەكانی مێژوو تێ بگەم.”
“ كتێبەكانی دەروونناسی و پێگەیاندنی كەسایەتی زیاتر دەخوێنمەوە لەبەر ئەوەی كلیلی سەركەوتنن “
سەردار محەممەد حەسەن، زیاتر كتێبی دەروونناسی و پێگەیاندنی كەسایەتی دەخوێنێتەوە و پێی وایە ئەمانە مرۆڤ لە لووتكەی ژیان دەهێڵنەوە و دەڵێ “گەنجان بە پێی ئارەزووە كەسییەكان و ژینگەی كۆمەڵایەتییان كتێب دەخوێننەوە، خۆشم بەگشتی دەستم بە هەموو سەرچاوەكان دەگات، بەڵام زیاتر حەزم لە خوێندنەوەی كتێبی دەروونناسی و پێگەیاندنی كەسایەتی یە، چونكە هەست دەكەم لەم قۆناغەی ئێستای ژیان مرۆڤ پێویستی بەو دوو سەرچاوەیە بۆ ئەوەی هەمیشە خۆی لە لووتكەی سەركەوتنی ژیاندا ببینێتەوە،” سەردار دەشڵێت “لە پاڵ خوێندنەوەی ئەو دوو سەرچاوەیە، كتێبە مێژووییەكانی تایبەت بە كوردیش دەخوێنمەوە، چونكە گەنج دەبێت مێژووی نەتەوەكەی خۆی بزانیت، چونكە ئەگەر مێژووی خۆت نەناسیت وەكوو ئەوە وایە كە خۆت نەناسیت.”
“ زیاتر كتێبی بزنس و ماركێتینگ دەخوێنمەوە، چونكە سوودی بۆ كارەكەم هەیە “
قارەمان حەمەدەمین بە هۆی كارەكەیەوە زیاتر پەیوەست بووە بە خوێندنەوەی كتێبی بزنس و ماركێتینگ و دەڵێ “كارەكەم وام لێ دەخوازێت لەو مەجالەدا زانیارییەكان و ئاستی تێگەیشتنم بەرزتر بكەمەوە، بۆیە لە هەر شوێنێك پێشانگای پەرتووك بكرێتەوە، سەردانی دەكەم و باوەشێك لە كتێبی بزنس و ماركێتینگ دەكڕم،”
قارەمان باس لەوەش دەكات پێشتر زیاتر حەزی لە خوێندنەوەی پەرتووكی سیاسیی و كۆمەڵایەتی بووە، بەڵام دواتر پشتی تێ كردوون و دەڵێ “پێشتر هەمیشە بە دوای نوێترین پەرتووكی سیاسیی و كۆمەڵایەتی دەگەڕام، وەك سیاسییەكم لێ هاتبوو، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنم بۆ هەموو شتەكان هەبوو، دواتر گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە تەواو بێ تاقەتی كردم و دوور كەوتمەوە لە خوێندنەوەی ئەو دوو جۆرە پەرتووكە .”