کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان لە وتارێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە (فەیسبووک) بڵاوی کرووەتەوە، نووسیویەتی: “دوایین بڕیاری حكوومەتی عێراق تایبەت بە ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2025 جارێكی دیكە گەڕانەوەیە بۆ لۆجیكی دەستبادان و مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتی وەك بارمتە و دروستكردنی فشاری دەروونی و ڕەوشێكی ناسەقامگیری گشتی لە كوردستان، كە مەبەست لێی فراوانترە لە ناكۆكی و ململانێ لەگەڵ حكومەتی هەرێم و دەچێتە خانەی خولیای بیركردنەوەی دەوڵەتی قووڵی خۆسەپێنەر لە بەغدا بۆ سەپاندنی ئاراستەی ناوەندێتی ڕەها لە عێڕاق و پەیداكردنی ڕەوشێك، كە پێیانوایە خەڵكی كوردستان ناچار دەکەن باوەڕیان بە بوون و پێویستی هەرێمی كوردستان وەك كیانێك نەمێنێت.”
هەروەها دەشڵێت: “بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق، دیسانەوە پێشێلكردنێكی ڕوونی دەستوور و ئەو بڕیارەی دادگای ئیتحادییە كە نابێ مووچەی خەڵك تێكەڵی ململانێی سیاسی بكرێت و لە هەمان كاتدا پێچەوانەی دوا ڕێكەوتنی یەكی شوباتی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم و ڕێنمایی خودی وەزیری دارایی عێراقە، كە داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردبوو تا كۆتایی ساڵی 2025 لیستی كانوونی دووەمی 2025 بە بنەما بۆ لیستی مانگەكانی دیكەی ساڵی 2025 دابنرێت.”
سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان لەو وتارەیدا باسی لەوەش کردووە: “بابەتی نەناردنی مووچە یان دواخستنی هەموو مانگێك، لە قەیرانی پرۆسەی سیاسیی عێراق دابڕاو نییە، كە ئەم بابەتە پێویستی بە دیالۆگی هاوبەشە سەبارەت بە بنبەستی پرۆسەی سیاسی و بابەتی هەڵسەنگاندنی شێوازی كاری ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرانی كورد لە بەغدا.”
هەروەها دەشڵێت: “کاركردن بۆ دابینكردنی مووچە بەرپرسیارییەكی مێژووییە و بابەتێكە دەبێ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەخەمخۆرییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.”

































































